هیومان ڕایتس وۆچ داوای ئازادكردنی دەمیرتاش دەكات

سەڵاحەدین دەمیرتاش

ڕێكخراوی بەرگری مافەكانی مرۆڤ داوا لە حكومەتی توركیا دەكات بەپەلە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئازادبكات.

ڕێكخراوی بەرگری مافەكانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ) ڕۆژی هەینی 20ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، دەستگیركردنی دەمیرتاش و هەشت ئەندامی دیكەی هەڵبژێردراوی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە پەرلەمان بەر لە چوار ساڵ، سەرەتای هێرشێكی بەردەوامی حكومەتە بۆ سەر ئەو حزبە و بەشێكە لە هەڵمەتێكی شوێنكەوتن و دەستگیركردن كە پاڵنەرێكی سیاسی هەیە، پاش هەوڵی كودەتاكەی ناوەڕاستی تەمموزی 2016.

ڕێكخراوەكە دەشڵێت، “پێویستە لەسەر حكومەتی توركیا پێداچوونەوە بە دەستبەسەركردنی پەرلەمانتارانی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلاندا بكات، لەنێویشیاندا فیگەن یوكسەكداغ، سەرۆكی پێشووی حزبەكە، كە دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ هێشتا هیچ حوكمێكی دەربارەی نەداوە”.

هیو ویلیامسۆن، بەڕێوەبەری بەشی ئەوروپا و ئاسیای ناوەندی هیومان ڕایتس وۆچ وتی، “حكومەت بەكارهێنانی دەستبەسەركردن و ڕێوشوێنەكانی تایبەت بە تاوانی خراپ بەكارهێناوە لە هەڵمەتێكدا دژ بە دەمیرتاش بەتایبەتی، سەرەڕای پێشێلكردنی بڕیاری دادگای ئەوروپا بۆ مافەكای مرۆڤ دەربارەی ئازادكردنی، بەهۆی تێوەگلاندنی بە تاوانی نوێی بێبنەما بۆ هێشتنەوەی لەودیوی زیندان”.

دەمیرتاش و ئەوانی دیكە كرانە ئامانج بەهۆی ئەوەی سەركردایەتی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی پارتی دیموكراتی گەلانیان بەرامبەر حكومەتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان،ی سەرۆكی توركیا كرد، وەك ئەوەی ڕێكخراوەكە دەیڵێت.

لە 4ی تشرینی دووەمی 2016 دادگاكانی توركیا بڕیاریاندا بە دەستبەسەركردنی 9 ئەندامی هەدەپە لە پەرلەمان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر، لەنێویشیاندا دەمیرتاش و یوكسەكداغ، پاش چەند كاتژمێرێك بەسەر دەستگیركردنی ئەوان و سێ ئەندامی دیكەی پارتەكەدا لە نیوەشەودا لە هەڵمەتێكی ڕێكخراودا لە چەند شارێكی جیاواز.

هەر دوێنێ ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە دەسەڵاتدارێتی توركیا یاداشتی دەستەبەسەركردنی دەرهەق بە 101 كەس دەركردووە كە لەنێویاندا پارێزەر هەیە لە هەڵمەتێكی فراواندا كە تیایدا چالاكوانانی كورد كراونەتە ئامانج.

بەپێی ئاژانسەكە دوابەدوای دەركردنی یاداشتەكان پۆلیس لە یەك كاتدا چەند هەڵمەتێكی لە شارەكانی (دیاربەكر، ئەستەنبوڵ، ئیزمیر و ئەدیامان) ئەنجامدا لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەیەكدا كە تیایدا پارتی (كۆنگرەی كۆمەڵگای دیموكراتی) كراوەتە ئامانج.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) ڕیاڵ مه‌درید نه‌یتوانی ژێرئاوگه‌ڕه‌که‌ی لا سیرامیکا نغرۆ بکات

بابەتی دواتر

ڤیاڕیاڵ 1-1 ڕیاڵ مه‌درید

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share