نهێنیی نوێ لەبارەی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان ئاشكرادەكرێت

سێ ڕێكخراوی تایبەت بە میدیا و ڕۆژنامەنوسان لە ڕاپۆرتێكدا ڕایدەگەیەنن، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە 12 ساڵ بەرە ڕووداوی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان، تائێستا هیچ كەسێك بەتۆمەتی ڕفاندن و تیرۆركردنەكەی دەستگیرنەكراوە و دەشڵێت، “بانگەشەی باوەڕپێکراو بوونی هەیە کە لایەنێکی سیاسی دەستی لە تیرۆرکردنیدا هەبووبێت”.

ڕاپۆرتی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی دەستپێشخەریی “جیهانێکی سەلامەتتر بۆ ڕاستی” کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی رێکخراوە جیهانییەکانی پەیامنێرانی بێسنور -RSF، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان CPJ و ئازادی چاپەمەنی بێسنور FreePressUnlimitedە، لەژێر ناونیشانی “تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان: پەردەهەڵدانەوە لەسەر بێبنەمایی گوتاری فەرمی” بڵاوكرایەوە کە لێکۆڵینەوەیەکە لەبارەی کوژرانی سەردەشت عوسمان-ەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەو لایەنە سیاسییەی سەردەشت عوسمان چەند وتارێکی لەبارەوە نوسیبوون، پێدەچێت ڕاستەوخۆ دەستیان لە ڕفاندن و کوشتنی ڕۆژنامەنووسەکەدا هەبووبێت و باس لەوەش دەکات، پێویستە وڵاتان سزا بەسەر ئەو کەسایەتیانەدا بسەپێنن كە ڕێگرییان كردووە لە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی بێلایەن و شەفاف.

سەردەشت عوسمان (ڕۆژنامەنوس و خوێندكاری تەمەن 23 ساڵ) لە 4ی ئایاری 2010 لە بەردەم كۆلێجی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین ڕفێنرا و ڕۆژێك دواتر تەرمەكەی لە شەقامێكی شاری موسڵ دۆزرایەوە.

لێکۆڵینەوەکە باسی لەوەکردووە، “دژبەیەكیی لە چیرۆكە فەرمییەكە لەم ڕووانەوە بەدیدەكرێت: ڕفاندنی سەردەشت، گواستنەوەی سەردەشت (یان تەرمەكەی) لە هەولێرەوە بۆ موسڵ، ڕاپۆرتی فەرمی توێكاری تەرمەكە، ئەو قسانەی كە گوایە ئەنجامدەرانی تاوانەكە سەر بە گروپی تیرۆریستی ئەنسارولئیسلام بوون، هەروەها ئەو هۆكار و پاڵنەرانەی خراونەتەڕوو سەبارەت بە تیرۆركردنەكە”.

دەشڵێت، “ڕۆژنامەنووسانی وەك سەردەشت عوسمان، لە شوێنێك كاردەكەن ئازادیی ڕۆژنامەگەریی تیایدا سنوردارە بۆیە زۆربەی كات ناچاردەكرێن سانسۆر بخەنەسەر خۆیان، تا ئەو هێڵە سوورانە نەبەزێنن كە لەوانەیە كاردانەوەی توندوتیژ لەلایەن دەسەڵاتەوە بوروژێنێت”.

لە 13ی كانونی یەكەمی 2009 سەردەشت عوسمان بابەتێکی لەسەر گەندەڵی و واستەكاری بڵاوکردەوە، بەناونیشانی “من عاشقی كچەكەی بارزانیم”، تیایدا بەراوردێكی كردووە لەنێوان ژیانی پڕ خۆشگوزەرانی خێزانی مەسعود بارزانی و ژیانی پڕ نەهامەتی هاوڵاتیانی ئاسایی هەرێمەکەی، دوای ماوەیەكی كورت بەسەریدا چەند جارێك هەڕەشەی كوشتنی لێكرا.

لە 21ی كانونی دووەمی 2010 سەردەشت بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیەوە وتارێكی بەناونیشانی ”یەکەمین زەنگی کوشتنم لێیدا“ بڵاوكردەوە و تیایدا سەرەڕای باسكردنی ئەو هەڕەشانەی لێیكراوە نوسیویەتی، “لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ یەكەمینجار پێیان وتم، كە تەمەنت زۆری نەماوە، یان بەوتەی خۆیان مۆڵەتی هەناسەدانم لەم شارەدا نەماوە، بەڵام نە باكم بە مردنە و نە ئازاردان، لە چاوەڕوانی كۆتاییهاتنی مۆڵەتەكەمم تا دیداری بكوژەكانی خۆم بكەن، دوعاش دەكەن مردنێكی تراژیدیام پێببەخشن كە شایستەی ژیانە تراژیدیاكەم بێت”.

ڕاپۆرتەكە ئاماژە بە نوسین و بڵاوكردەوەكانی دیكەی سەردەشت، هەروەك وردەكاری ڕفاندنی و گواستنەوەی و كوشتنی دەكەن.

ڕێكخراوەكانی ئامادەكاری لێكۆڵینەوەكە داوادەکەن، دەسەڵاتدارانی هەرێم دەستبەجێ كۆتایی بە هەراسانكردن، تۆقاندن و هەڕەشەكردن بەرامبەر كەسوكاری سەردەشت عوسمان و هاوڕێكانی بهێنن و دووبارە لێكۆڵینەوەیەكی شەفاف و بێلایەن لە كەیسەكەی دەستپێبكەنەوە.

دووپاتیشیدەكەنەوە، “پێویستە ئەوانەی پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابورییان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، فشاری بەردەوام بخەنەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی هەڕەشەكردن و كوشتنی ڕۆژنامەنوسان، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان”.

لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، كەیسی سەردەشت عوسمان بەڵگەیە لەسەر چارەنووسی چەندین ڕۆژنامەنوسی ڕەخنەگر لە هەرێمی کوردستاندا لەوانەش، “ئاسۆس هەردی، كاوە گەرمیانی، ویداد حسێن و سۆرانی مامەحەمە”. ڕوونیشیدەكاتەوە، لەدوای كوشتنی سەردەشت عوسمان لانیكەم 22 ڕۆژنامەنوسی دیكە لە عێراق بەهۆكاری پەیوەندیدار بەكارەكەیانەوە كوژراون، هەشت حاڵەتیان لە هەرێمی كوردستان بوون.

بۆ داهاتووش، داوادەكات بە بەردەوامی سزای ئامانجدار بسەپێنن بەسەر ئەو بەرپرسانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پەیوەندیان هەیە بەتاوانی دژ بە ڕۆژنامەنوسان، هەروەها بەسەر دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێگریکردن لە
لێکۆڵینەوەی خێرا و کاریگەر و ورد و بێلایەن و شەفاف لە تاوانەکانی دژ بەڕۆژنامەنوسان.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەكە بە زمانی كوردی كلیك لێرە بكە. بۆ زمانی ئینگلیزی كلیك لێرە بكە.

بابەتی پێشتر

لێكۆڵینەوەیەك: بەنجی نەشتەرگەری دەبێتەهۆی قەتیسبوونی گەرما

بابەتی دواتر

عێراق فڕۆكەی جەنگی دروستدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت و غاز دابەزی

وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە ئەمشەوەوە نرخی نەوتی سپی، غاز و گازوەیل لە بەنزینخانەكاندا هەرزانكران و یەك لیتر…
Total
0
Share