وەزارەتی كشتوكاڵ چەند بڕیارێكی بۆ ڕووبەرووبوونەوەی وشکەساڵی دەرکرد

وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم، لە سەر ئامادەکارییەکانی ڕووبەرووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و چۆنیەتی چارەسەرکردنی گیروگرفتاکانی چەند بڕیارێكی دەركرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتەكە، ئەمڕۆ سێشەممە بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کۆبونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری وەزارەت بەڕێوەچوو كە تایبەتکرابوو بە باسکردن لە سەر ئامادەکارییەکانی ڕووبەرووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و چۆنیەتی چارەسەرکردنی گیروگرفتاکانی تایبەت بەم بابەتە.

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە درا:

١-بڕیاردرا ژوورێکی عەمەلیاتی لە ناکاو(گار‌و) پێکبهێنرێت بۆ دیراسەکردنی گیروگرفتەکانی وشکەساڵی و ئامادەکردنی پلانێکی تایبەت بە ڕووبەرووبوونەو و بەرەنگاربونەوەی وشکەساڵی و دواتر پلانەکە ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت بەمەبەستی دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ چارەسەرکردن و ڕووبەرووبوونەوەی وشکەساڵی و کەم کردنەوەی کاریگەری زیانەکان لە سەر جوتیاران.

٢-بڕیاردرا بەزووترین کات پەیوەندیی بکرێت بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بۆ ئەوەی لە پلانی ڕووبەرووبوونەوەی وشکەساڵی هەماهەنگی بکرێت بۆ دروستکردنی پرۆژەکانی تایبەت بە ئاودێری و بەنداو لە هەرێمی کوردستان، وە داوا لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بکرێت بەزووترین کات دەرگای سایلۆکان بەرووی جوتیارانی هەرێرم بکاتەوە بۆ وەرگرتنی گەنمی بەرهەمهاتوی ئەم ساڵ.

٣- داوابکرێت لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی بودجەیەکی فریاگوزاری بۆ ڕووبەرووبوونەوەی وشکەساڵی بۆ دابینکردنی پێداویستی عەلەف بۆ ئاژەڵ، وە بابەتی چاکردنی پرۆژەکانی ئاودێری و دروستکردنی پۆند بۆ گلدانەوەی ئاوی باران.

٤- بڕیار درا بەدابەزاندن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارەی گەرمیان بۆ مەبەستی کارئاسانی کردن بۆ هێنانی عەلەف و ماددەعەلەفیەکانی تایبەت بەخۆراکی ئاژەڵی و پەلەوەری و ماسی بۆ کەم کردنەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم هاوردەکردنی ماددەعەلەفیەکان و کەم کردنەوەی کاریگەری کەمی لەوەڕگاکان لەسەر خاوەن ئاژەڵەکان و خاوەن پرۆژەکانی سامانی ئاژەڵ و دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ کۆنترۆڵی ئەو ئافات و نەخۆشیانەی کە بەهۆی وشکە ساڵیەوە بڵاودەبێتەوە.

٥-بڕیاردرا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو رەشنوسی تایبەت بە هەموارکردنەوەی رێنمای هەڵکەندنی بیر ئامادەبکرێت و لە وۆرکشۆپێکی تایبەتدا لە لایەن لێژنەی یاسایی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئاودێری و ئاوی ژێرزەوی ئەنجام بدرێت بەمەبەستی هەموارکردنەوەی رێنمایی ژمارە (١)ساڵی ٢٠١٥ تایبەت بە هەڵکەندنی بیر.

٦-بڕیاردرا لەلایەن وەزارەتمان بەدواداچون بکرێت بۆ پرۆژەکانی تایبەت بە بودجەی دابینکراو بۆ پرۆژەکانی ئاودێری و بەنداو پۆند وپرۆژە ستراتیژیەکانی کەپەیوەندی بەئاودێریەوە هەیە لە وەزارەتی پلاندانان بۆ ئەوەی کاری لەسەربکرێت بۆ کەمکردنەوەی گرفتەکانی وشکەساڵی.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ڕێگا بە هیچ كەسێك نادەین هێزی تایبەتی هەبێت و بە هەموو شێوەیەك دژی دەوەستینەوە

بابەتی دواتر

تونێلی دەربەندیخان داخرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share