دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی هێزی سەربازی وڵاتەکەی لە عێراق، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا دەکات.
ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا دوێنێ 19 ی تشرینی دووەم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، “ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی ڕوسیا دەکات و لەگەڵ هاوتا ڕوسییەکەی سێرگی لاڤرۆڤ کۆدەبێتەوە”.
بە وتەی زاخارۆڤا تەوەرەکانی گفتوگۆ گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبن، بەتایبەت ناکۆکییەکان لە سوریا و عێراق و یەمەن و کەنداوی فارس.
سەردانی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ مۆسکۆ لە دوای بڕیاری کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و ماکسیم ماکسیمۆڤ، باڵیۆزی ڕوسیا لە عێراق.
پێشتریش ئەلیکسەندەر لاورنێڤ، فەرماندەی هێزەکانی سەربە سەرۆکایەتی ڕوسیا لەگەڵ قاسم عەرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق کۆبوونەوەی کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا لاورنێڤ وتی، ئەوان ئەمنیەتی عێراقیان بۆ گرنگە و وەک چۆن هاوکاری عێراقیان کردووە لەو پرسەدا هەروا بەردەوام دەبن.