‏”هەرێم لە ڕاگەیاندنەكانەوە وەڵاممان دەداتەوە”‏
وەزیری نەوتی عێراق: داواكارییەكانمان لەبارەی نەوتی هەرێمەوە نەگۆڕن ‏

وەزیری نەوتی عێراق سووربوونی حكومەتی فیدراڵی لەسەر داواكارییەكانیان لەبارەی ‏دروستكردنی كۆمپانیایەكی نەوت و پێشنیازەكانی دیكە لەبارەی نەوتی هەرێمەوە ‏دووپاتدەكاتەوە، ڕەخنەی ئەوە دەگرێت، هەرێم لەبری ئەوەی بە فەرمی وەڵامیان بداتەوە، ‏لە ڕاگەیاندنەكانەوە وەڵامدەداتەوە. ‏

ئیحسان عەبدلوجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە میانەی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی ‏كەناڵی عێراقیە، كە مییدیای فەرمیی دەوڵەتە، باسی چەند پرسێكی تایبەت بە نەوتی عێراق ‏و هەرێمی كوردستانی كرد و دەڵێت، وەزارەتەكەی چەند پڕۆژەیەكی سەركەوتووی ‏لەبارەی كەرتی نەوت خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، پەرەی زیاتریش بە كەرتی ‏نەوت و غاز دەدەن، وەكو خۆی دەڵێت، دەیانەوێت نەوتی زیاتر بەرهەمبهێنن و داهاتی ‏زیاتریش بۆ عێراق بەدەستبێنن. ‏

‏ عەبدولجەبار لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمیشەوە قسەی كرد، دووبارەیكردەوە، “به‌پێی ‏ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كە دادگای فیدراڵی پێیداوین، دەتوانین بەدواداچوون بۆ گرێبه‌سته‌ ‏نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم بكەین، یان هه‌ڵیبوه‌شێنینه‌وه”‌.‏

دەربارەی داواكارییه‌كانی وەزارەتەكەی و بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی لەبارەی نەوتی ‏هەرێم، ئیحسان عەبدولجەبار وەك ڕەخنەیەك ڕایگەیاند، “حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ڕێگا‌ی ‏میدیاوه‌ وه‌ڵامی ئێمه‌ ده‌داته‌وه، لەبری ئەوەی بە فەرمی وەڵام بداتەوە”.‏

وەزیری نەوتی عێراق بەشێك لە وەڵامی ناو میدیاكانی بە ئەرێنی وەسفكردووە، بەڵام ‏دووپاتیكردەوە، كە ئەوان چاوەڕوانی وەڵامی فەرمین، سووربوو لەسەر ئەوەی “پێشنیاز و ‏داواكارییەكانمان لەبارەی نەوتی هەرێمەوە یاسایی و فیدراڵین و نەگۆڕن”.‏

یەكێك لە ڕەخنەكانی بەغداد لە پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستان، هەرزانفرۆشكردنێتی، ‏وەزیرە عێراقییەكە دووبارەیكردەوە، “ئێمه‌ قبوڵی ناكه‌ین نه‌وتی هه‌رێم به‌ كه‌متر له‌ نرخی ‏سۆمۆ بفرۆشرێت و جیاوازییەكەی زیاتربێت لە 11%، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌رجی ‏به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ده‌گاته‌ 59%”.‏

نەیشاردەوە، بەو هۆیەوە هەرێمی كوردستان هەوڵی كەمكردنەوەی جیاوازییەكەی داوە.‏

هەروەها جارێكی دیكە باسی ئەوەیكردەوە، كە بڕیاریانداوه‌ به‌ دامه‌زراندنی كۆمپانیای ‏نه‌وتی كوردستان، به‌مه‌رجێك له‌ژێر چاودێریی حكومه‌تی فیدراڵدا بێت، بڕیاری ‏دروستكردنی هه‌ژمارێكی بانكیشیان داوە بۆ داهاتی نه‌وتی هه‌رێم.‏

پیشتر عێراق لەبارەی بۆریی نەوتی جیهانەوە سكاڵایەكی تۆماركردبوو، وەزیرە ‏عێراقییەكە ئاشكرایكرد، دۆسیەكەیان لە دادگای پاریسە و دەستبەرداری ئەو پرسە نەبوون، ‏‏”چونكە توركیا به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی ئه‌م بۆرییه‌ به‌كارده‌هێنێت”. ‏

بابەتی پێشتر

عێراق: 50%ی ئاومان لەدەستداوە و هاوینێكی سەخت چاوەڕوانمانە

بابەتی دواتر

بی بی سی چیرۆكی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی دەگێڕێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share