سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایدەكات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كەمتر لەو بڕەی كە بۆ سلێمانی دیاریكراوە، بەنزینە 690 دینارییەكەی بۆ پارێزگاكە ڕەوانەكردووە.
دوێنێ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و باسی لەوەكردبوو، كە بێ جیاوازی بەنزینە 690 دینارییەكەی عێراقی بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابینكردووە، هەر قسەیەكی لەوبارەیەوە بە چەواشەكاری وەسفكرد، بەڵام لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێچەوانەی قسەكانی وەزارەتەكە دەسەلمێنێت.
كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستای دووپاتكردەوە كە “وەزارەتی سامانە سروشتییەكان جیاوازیی كردووە لە دابەشكردنی بەنزینە 690 دینارییەكەی عێراق”.
سەرۆكی لیژنە پەیوەندیدارەكە وتی، لەو بڕەی كە حكومەتی عێراق بۆ هەرێمی دەنێرێت، كە زیاتر لە یەك ملیۆن لیتری ڕۆژانەیە، پێویستە 360 هەزار لیتری ڕۆژانەی بۆ سلێمانی بێت، “بەڵام ڕۆژانە نزیكەی 240 بۆ 260 هەزار لیتر ڕەوانەی پارێزگای سلێمانی كراوە و ئەو بڕەی بۆی دیاریكراوە وەكو خۆی ڕەوانە نەكراوە و هەر جارە و بەبیانوویەك بووە”.
گرفتی سلێمانی هەر لە كەمگەیشتنی بەنزینە عێراقییەكەدا نییە، بەڵكو حكومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕۆژانە بەنزین دەدەنە كۆمپانیای سەن ئۆیڵ و پێویستە پشكی سلێمانی تێدابێت، بەڵام هەر لە سەرەتاوە هیچ بڕە بەنزینێك بە سلێمانی نەگەیشتووە، بۆیە كەریم عەلی دەڵێت، “ئەوە یەكێكی دیكەیە لەو غەدرانەی كە لە سلێمانی دەكرێت و دەبێت ڕۆژانە 400 هەزار لیتر لەو بەنزینەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕەوانە بكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا كۆمپانیاكە یەك لیتریشی نەناردووە”.
ئاشكراشیكرد، لەبارەی ئەو بەنزینەی سامانە سروشتییەكانەوە، وەكو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نووسراویان بۆ وەزارەتەكە كردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانن، ئەگەر جێبەجێ نەكرێت، ئەوا سكاڵا دژی كۆمپانیاكە و وەزارەت تۆمار دەكەن.