قوباد تاڵەبانی: لەمەودوا دامەزراندن و تۆماركردنی كۆمپانیا تەنها یەك ڕۆژ دەخایەنێت

بێگەرد تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەڵێت، ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پەیڕەوی ناوی بازرگانی و تۆمارنامەیان پەسەندكردووە و بەهۆیەوە لەمەودوا دامەزراندن و تۆماركردنی كۆمپانیا تەنها یەك ڕۆژ دەخایەنێت.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “هەروەک لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بەڵێنمان دابوو لەپێناو بەهێزکردنی کەرتی تایبەت ئاسانکاری بکەین بۆ دامەزراندنی کۆمپانیا و ڕۆتین کەمبکەینەوە، بەخۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران (پەیڕەوی ناوی بازرگانی و تۆمارنامەی بازرگانی)مان پەسندکرد، كە‌ دە‌رئە‌نجامی كاری ھاوبە‌شی نێوان؛ نوسینگە‌ی بە‌ندە‌، نوسینگە‌ی سە‌رۆك وە‌زیران و وە‌زارە‌تی بازرگانی و پیشە‌سازی بوو”.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، “ئەگەر پێشتر دامەزراندنی کۆمپانیایەک و تۆمارکردنی ناوەکەی چەند مانگی دەخایاند، لەمەودوا تەنها یە‌ك ڕۆژ دەخایەنێت و بە‌تێچوویە‌كی كە‌میش”.

باوەڕی خۆیشی نیشاندەدات بەوەی ئەو هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پێشخستنی کەرتی تایبەت و دروستکردنی هەلی کاری زیاتر.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا، لە بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكەدا ڕەشنووسی (پەیڕەوی ناوی بازرگانی و تۆمارنامەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان) پەسەندکرد و ئاشكرایكرد، ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی ڕێکارەکانی بەدەستهێنانی ناوی بازرگانی و تۆمارکردنی لە تۆمارنامەی بازرگانی و دەستنیشانکردنی لایەنی پەیوەندیدارە کە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمە، ئەویش بە ئاراستەی ئاسانکاریی بۆ بازرگان و خاوەنکاران و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای زانیاری و پێدانی ژمارەی بێهاوتا بە بازرگانان بە ئاڕاستەی ئاسانکاریی لە ڕاییکردنی مامەڵەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتین و برەودان بە چالاکیی بازرگانی.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

یو ئێن لەبارەی گیان لە دەستدانی گەنجە ڕۆژهەڵاتییەکەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

کۆمسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی گیان لە دەستدانی گەنجە ڕۆژهەڵاتییەکە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، نیگەرانن لەو…
Total
0
Share