پارتی و ئێران كۆبوونەوە

میدیای پارتی بڵاویكردەوە، شاندێكی ئێران لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبووەتەوە.

بەپێی میدیاكانی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان، حەسەن دانایی فەڕ، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق سەرۆكایەتیی شاندێكی ئێرانی كردووە و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبووەتەوە.

گوایە لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان و پێشخستنیان كراوە.

كونسوڵگەریی ئێران لە هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، كۆبوونەوەكە ڕۆژی 10ی ئەم مانگە بەڕێوەچووە.

كۆبوونەوەی ئێرانییەكان لەگەڵ پارتی لەكاتێكدایە، لەماوەی ڕابردوودا ئێران بە مووشەك هێرشیكردە سەر هەولێر و بوونی ئیسرائیلی كردە بیانووی هێرشەكە، پارتیش ئەوە ڕەتدەكاتەوە ئیسرائیل هیچ بوونێكی لە هەولێر هەبێت.

ئەمە جگە لەوەی وا دەردەكەوێت ئێران و پارتی لە چەند پرسێكی دیكەشدا ناكۆك بن، لە نموونەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، بەو پێیەی ئێران نیگەرانە لەوەی پارتی لەنێوان شیعەكاندا لایەنگیریی كرد و بەرەیەكی دیاریكراوی هەڵبژارد.

هەروەها پرسی غازی سروشتیی هەرێمی كوردستان و ئەگەری ناردنەدەرەوەی، بابەتێكی دیكەی جێمشتومڕی ئێرانە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەرگریی شارستانیی سۆران: لاشەی ورچە کوژراوەکەی باڵەکایەتی مۆمیا دەکرێت

بەرگریی شارستانیی سۆران رایدەگەیەنێت، “لاشەی ئەو ورچەی لە باڵەکایەتی کوژرا مۆمیا دەکرێت”. بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران لە راگەریەندراوێکدا…
Total
0
Share