دەستەی كەشناسی پێشبینی دەكات ئەمڕۆ و سبەی شەپۆلێكی دیكەی خۆڵبارین عێراق بگرێتەوە.
دەستەی كەشناسیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، خۆڵبارینەكە بەهۆی كاریگەربوونی وڵاتە بە نزمە پاڵەپەستۆیەكی دوورگەی عەرەبییەوە كە دەبێتە هۆی دابەزینی پلەكانی گەرما و زیادبوونی با.
بەپێی پێشبینییەكان خۆڵبارینەكە بەتایبەتی ناوچەكای ناوەڕاست و باكوور (هەرێمی كوردستان و موسڵ)، بەتایبەت ناوچەكانی باكووری ڕۆژئاوای عێراق دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئاستی بینین تا كەمتر لە 3000 مەتر.
حەیدەر عامری بەڕێوەبەری بەشی پێشبینی لە دەستەكە ڕایگەیاند، پێشبینی دەكرێت كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆكە لەمشەودا ڕوو لە كەمبوونەوە بكات و ناوچەكە بكەوێتە ژێر كاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای وڵاتەوە، بەهۆیەوە پلەی گەرمای سبەی (5-8) پلەی سەدی دادەبەزێت.
ئەو بەرزە پاڵەپەستۆیەش هاوكاتی خۆڵبارین دەبێت كە زۆرینەی شارەكانی عێراق و لەنێویاندا بەغدادیش دەگرێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە چاوەڕوان دەكرێت، كاریگەری خۆڵبارین لە پاشنیوەڕۆی سبەی سێشەممەوە لە ناوچەكانی باكوور و ناوەڕاست كۆتایی پێبێت و شەویش لە ناوچەكانی باشوور.