بەهۆی نەخواردنی هیچ خۆراکێک و هەست بەبرسێتیی زۆر بەدرێژایی ڕۆژ، دۆخی خەواڵویی و ویستی زۆری نوستن کۆنترۆڵی جەستە دەکات، بەڵام ڕۆژانە بەهۆی کار و ئەرکە ڕۆژانەکان جەستە کۆنترۆڵی ئەو خەواڵوییە دەکات، بەڵام هۆکاری ویستی زۆری نوستن ڕاستەوخۆ دوای ڕۆژووشکاندن چییە؟
هۆکاری ئەوەی ڕاستەوخۆ دوای ڕۆژووشکاندن ویستێکی زۆر بۆ نوستن هەیە، خواردنی بڕێکی زۆری خۆراکە لەپڕ لەکاتێکدا جەستە بەدرێژایی ڕۆژەکە هیچ خۆکارێک نەچووتە جەستەوە، ئەوەش کرداری هەرس خێرا دەکات، وادەکات بە خێرایی و بڕێکی زۆر خوێن بنێردرێت بۆ ڕیخۆڵەکان، ئەوەش وادەکات پرۆسەی ناردنی خوێن بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە خاوببێتەوە، لەناویشیاندا بەشە جیاوازەکانی مێشک.
هۆکارێکی دیکەی ئەو دۆخە، دەردانی زۆری سیرۆتۆنینە لەلایەن جەستەوە، کە ماددەیەکی کیمیایی بەرپرسیارە لە ڕێکستن و هەستکردن بە خەواڵویی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ماددەیە لە بەشێکی زۆر لەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە پرۆتین هەن، بوونی ئەو خۆراکانە لە بەربانگدا ماددەکە لەجەستەدا زیاتر دەکات، بۆیە زیاتر هەست بە خەواڵویی و ماندوێتی دەکەیت.
چۆن وادەکەیت جەستەت دوای بەربانگ بە چالاکی بمێنێتەوە؟
دوورکەوەرەوە لە خواردنە برژاوەکان و شیرینی لەکاتی ڕۆژووشکاندندا.
ئەو شەربەتانەی شەکریان تێدایە لێی دوورکەوەرەوە چونکە ڕێژەی ئەنسۆلین لە خوێندا زیاتر دەکات.
ئەو خواردنانەی کاربۆهیدراتیان زۆرە مەیخۆ.
گرنگی بدە بە شلەمەنییەکان و شەکرە سروشتییەکان بۆ گێڕانەوەی وزە بۆ جەستەت.
هاوسەنگی لەنێوان پرۆتینەکان و کاربۆهیدرات و کانزاکان بپارێزە لە خواردنەکانتدا.
ڕۆژانە وەرزشی پێویست بکە بۆ چالاک هێشتنەوەی جەستە.