بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوە لەبارەی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل دەدات و دەڵێت، “گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە یەككاتدا لە هەرێمی كوردستان و عێراق جێبەجێدەكرێت”.
میدیاكانی عێراق بڵاویانكردبووە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل لەپارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە شۆفێران دەدرێت.
لیوا عەبدولقادر عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە پەیوەندییمان بە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراقەوە كردووە ڕایانگەیاندووە بڕیاری لەو شێوەیە نەدراوە كە هەفتەی داهاتوو گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە عێراق دەستپێبكات.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەرێم وتی، ” لە یەككاتدا پێدانی تابلۆی نوێ بە شۆفێران لە هەرێمی كوردستان و عێراق جێبەجێدەكرێت و پێشتر ئەو بابەتە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە”.
لیوا عەبدولقادر باسی لەوە كرد، دیزاینی تابلۆی نوێ بۆ ئۆتۆمبێل لەهەرێمی كوردستان و عێراق گۆڕانكاری تێدا دەكرێت و هەڵەبجە هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە تابلۆی تایبەت بەخۆی دەبێت.