حكومەتی هەرێم لیژنەیەكی باڵا ڕەوانەی بەغداد دەكات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ڕابردوو بكرێت، بۆ هەماهەنگیی لەبواری نەوت و وزەش بڕیاریدا هەفتەی داهاتوو لیژنەیەكی باڵا ڕەوانەی بەغداد بكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران كۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کورتەیەک دەربارەی سەردانی هەفتەی ڕابردووی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی (ئیمارات) و بەشداریکردن لە کۆڕبەندی وزەی جیهانی و لوتکەی جیهانی حکومەتەکان لە دوبەی خرایەڕوو و ئاشكراكرا یاداشتێکی لەیەکتێگەیشتن لەگەڵ ئیمارات واژۆکرا بۆ برەودان بە توانای مرۆیی و بەرەوپێشبردنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئیمارات لە بواری حکومەتی ئەلیکترۆنی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

هەروەها باس لە بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان كرا و دوای خستنەڕووی داتاکانی داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم لە مانگی ئازاری ڕابردوو، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابوری بە دەستکردن بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئازار لە ڕۆژی یەکشەممە 4/10.

سەبارەت بە لێکەوتە ئابوورییە چاوەڕوانکراوەکانی جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا، بەتایبەتی لە بواری هاوردەکردنی گەنم و بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان، ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەسەندکرد سەبارەت بە هەڵگرتنی ڕەسمی گومرگی بۆ ماوەی دوو مانگ لەسەر بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکانی وەک (ئارد، برنج، زەیتی خواردن، ڕۆنی بەستووی ڕووەکی و ئاژەڵیی، چای ڕەش، شەکر، پاقلەمەنی وشک ( نۆک، نيسك، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیاو ماش)، شيری منداڵان بە هەموو جۆرەکانییەوە).

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن دەربارەی (پڕۆژە یاسای پشتیوانیی فریاگوزاری بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان- مشروع قانون الدعم الطارئ للأمن الغذائي و التنمية) کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە بۆ تەشریعکردنی، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد لەسەر وردەکاریی پرۆژەیاساکە و ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەکە، لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە داکۆکیکردن لە ماف وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک شایستەی دەستووری خۆی، داواش لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران كرا کە لە چوارچێوەی دەستوور و بەرژەوەندیی باڵای هەرێمی کوردستان و جێگیرکردنی ماف و شایستەکانی هەرێم، مامەڵە لەگەڵ ئەو پرۆژەیاسایە بکەن، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابوری و پلاندانانی ڕاسپارد کە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ وەزارەتە فیدڕاڵییە هاوتاکانیان بەشداربن لە گەڵاڵەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2022.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریشدا لە هەفتەی داهاتوو لیژنەیەکی باڵا بنێرێت بۆ بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵیی بۆ برەودان بە هەماهەنگیی لە بواری نەوت و وزە لەسەر بنەمای دەستوور و بە ڕەچاوکردن و پاراستنی دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێم لەم بوارە.

بابەتی پێشتر

كاتی دابەشكردنی مووچە ڕاگەیەندرا

بابەتی دواتر

یەكێكیان بوونە ئۆپۆزسیۆنە..چێوەی هەماهەنگی سێ بژاردەی بۆ سەدر هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر له‌باره‌ى ڕاگرتنى گه‌شته‌كانى ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ده‌نگۆی ڕاگرتنى گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت، شه‌وى ڕابردوو فڕۆكەیەكی تایبەتی هێڵی ئاسمانی قەتەری…
Total
0
Share