پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پارتی دەیەوێت لەهەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بە دەنگی پارێزگایەك دەنگی پارێزگایەكی دیكە ببات و دەڵێت،”جیاوازی تۆماری دەنگدارانی عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر لە 400 هەزار دەنگدەرە”.
عەباس فەتاح، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئێستاش دەرفەت ماوە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بەجۆرێك كە كاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن نەبێت و دوو ساڵە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ماوەكەی بەسەر چووە و دەتوانرا پێشتر دەسەڵاتی پێبدرێتەوە یاخود گۆڕانكاری تێدابكرێت.
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی پێیوایە، “پارتی دەیەوێت بە دەنگی پارێزگایەك دەنگی پارێزگایەكی دیكە ببات ئەگەر نا بۆ دەیەوێت هەڵبژاردن بە یەك بازنە ئەنجامبدرێت كە ئەوە غەدرە لە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی دیموكراسی”.
عەباس فەتاح، وتی ، “بەپێی زانیارییەكان جیاوازیی تۆماری دەنگدارانی عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر لە 400 هەزار دەنگدەرە و پێویستە تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە ئەو كات هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت “.
ئاماژەی بەوەكرد، پارتی بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربكاتەوە و هەڵبژاردن بەرێوەبچێت و لایەنەكانی دیكە بە دواخستنی هەڵبژاردن تۆمەتباربكات.