شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن بە پێویست دەزانێت و دەڵێت، ئەو یاسایەی ئیستا هەیە 30 ساڵ پێشتر دانراوە، لەگەڵ ئێستای هەرێمی کوردستان یەکناگرێتەوە.
شێرکۆ جەودەت بە میدیای فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ڕایگەیاندووە، یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی هەیە، هەمواری یاساکە زەرورەتە و ئەو یاسایەی ئێستا لەگەڵ ئەقڵیەت و دنیابینیی دەنگدەری ئێستای کورد یەکناگرێتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ڕەخنە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەی یەک بازنەیی کراوە دەگرێت و دەڵێت، ئەوە وایکردووە حزبێک لە سنوورێک زۆرینەبێت و نوێنەرەکانی لە پەرلەمان زۆرینە بن، بەو زۆرینەیەش کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان بکات، ئەمەش کاریگەریی خراپ دروست دەکات.
بەپێی وتەی شێرکۆ جەودەت، جگە لە پارتی و پێکهاتەکان پارتە سیاسییەکانی دیکە ئامادەن بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن بکرێت و بکرێت بە فرەبازنەیی.
شێرکۆ جەودەت دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنە، بازنەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، بە دادپەروەرانە دادەنێت بۆ هەڵبژاردن، کە لەوڕێگەیەوە دەتوانرێت نوێنەری خەڵک دادپەروەرانە ڕای خەڵکی هەرێم بگەیەنێت، لەکاتێکدا بە یەک بازنەیی حزبێک دەتوانێت 50 پەرلەمانتار لە یەک ناوچە بنێرێت و ناوچەکانی دیکە بێبەش ببن.
“پارتی لەسەر ئەو پرسە نەسازاوە، بەڵام هیوادارین بسازێت، چونکە پرسێکی نیشتمانییە، پێویست ناکات پارتی لە سیستمی فرە بازنەیی بترسێت ئەگەر لە دەنگدەری خۆی دڵنیابێت، چونکە ئەگەر خۆیان باشتر ڕێکبخەن، سیستمی فرەبازنەیی لە بەرژەوەندی ئەوانیشە”، شێرکۆ جەودەت وای وت.