یەکێک لەو حاڵەتە باوانەی لە ڕەمەزاندا ڕوودەدەن، وشکبوونەوەی پێستی ڕووخسارە، بۆیە پێویستمان بەوەیە چاودێرییەکی تایبەتی پێستی ڕووخسارمان بکەین لەکاتی بەڕۆژووبووندا بۆئەوەی بە شێداری و نەرمی بمێنێتەوە.
ئەو ڕێگایانەی دەتوانیت بەهۆیەوە پارێزگاری لە شێداری پێستت بکەیت:
بەکارهێنانی شێدارکەرەوەی پێست لەدوای پاککردنەوەی
لەهەرکاتێکیدا کە بەڕۆژوویت و ڕووخسارت دەشۆیت بەشێکی زۆر لە زەیتەکانی سەر پێستت لادەچێت، ئەوەش پێست تووشی وشکبوونەوە دەکات، بۆیە هەوڵبدە زیاتر لە ڕۆژانی ئاسایی شێدارکەرەوەی پێست بەکاربهێنیت.
دژە خۆر بەبەردەوامی بەکاربهێنە
پاراستنی پێست لە ڕەمەزاندا لە تیشکی سەروو بنەوشەیی بەهۆی وشکبوونەوەی پێست کارێکی قورسە، بۆیە بۆ پاراستنی پێست بە بەکارهێنانی بەردەوامی دژە خۆرەکان لە هەنگاوە پێویستەکانی کاتی بەڕۆژووبوونە.
بەکارهێنانی کرێمەکانی شەوانە
کرێمە شەوانەکان دەتوانن پێستی ڕووخسار چالاک بکەن و پارێزگاری لە وشکبوونەوەی بکەن لە ماوەی بەڕۆژووبووندا، بۆیە بەکارهێنانی کرێمەکانی شەوانە لەبیرمەکە.
لابردنی خانە مردووەکان
ناکرێت پارێزگاریی لە نەرمی پێستت بکەیت بەبێ بەکارهێنانی کرێمی لابەری خانە مردووەکان “تەقشیر” کە یەکێکە لەڕێگاکانی نوێکردنەوە و هێشتنەوەی پێست بە نەرمی، بۆیە لە هەفتەیەکدا دوو بۆ سێ جار پێویستت بە بەکارهێنانی تەقشیر دەبێت.
خواردنەوەی زۆری ئاو
خواردنەوەی زۆر زیاتری ئاو لە ڕەمەزاندا لەکاتێکدا بەڕۆژوو نیت گرنگە بۆ قەرەبووکردنەوەی نەخواردنەوەی ئاو لە ڕۆژدا، چونکە کەمیی ئاوی جەستە کاریگەریی دەبێت لەسەر وشکبوونەوەی پێستی ڕووخسار.