عێراق كۆمپانیایەك بۆ نەوت و غازی هەرێم دادەمەزرێنێت و خۆی سەرپەرشتیی دۆسیەكە دەكات

وەزارەتی نەوتی عیراق، داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی كە یاسای نەوت و غازی ھەرێمی بە نادەستووری ئەژماركردبوو جێبەجێبكات و هەموو گرێبەستەكانی نەوت و غازی هەرێم و تۆماری داهاتەكانیان بنێردرێن بۆ بەغداد.

وەزارەتی نەوتی عیراق، ڕۆژی 24ی ئەم مانگە “نووسراوێكی نهێنی”ی ئاراستەی حکومەتی ھەرێمی كوردستان، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری سامانە سروشتییەكان کردووە و داوای جێبەجێکردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەكات كە یاسای نەوت و غازی ھەرێمی بە نادەستووری ئەژماركردبوو.

لە نووسراوەكەدا وەزارەتی نەوتی عێراق داوایكردووە لە ماوەی 15 ڕۆژدا، وێنەیەك لە سەرجەم ئەو گرێبەست و ڕێككەوتنانەی بواری نەوت و غاز كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ وڵاتان و كۆمپانیاكاندا كردوونی، هەروەها دەرخستە و تۆماری داهاتی فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت و غاز بنێردرێن بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق، بۆ ئەوەی ھەڵسەنگاندنیان بۆبکەن و بەپێی یاساکانی عیراق دووبارە ڕێکیانبخەنەوە، كە گرێبەستە 50 ساڵییەکەی هەرێم و تورکیاش دەگرێتەوە و یەكێكە لەو گرێبەستانەی وەزارەتی نەوتی عێراق داوایكردوون.

لەبارەی هۆكاری ئەو داواكارییەوە وەزارەتەكە دەڵێت، بۆ ئەوەی شارەزا و ڕاوێژكارانی وەزارەتی نەوت یان كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی لێكۆڵینەوە لەو گرێبەست و ڕێككەوتننامانە بكەن بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەسەڵاتبەدەست و سەرپشكراوی هەرێم.

لە درێژەی نووسراوەكەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە، كۆمپانیایەكی گشتیی تایبەت بە نەوت دابمەزرێندرێت بەناوی KROC)   Kurdistan Resources Oil Company) كە سەر بە حكومەتی عێراق بێت و بارەگاكەی لە هەولێر بێت بۆ سەرپەرشتیكردنی کۆی پرۆسە نەوتی و غازییەکانی هەرێم و ئەو گرێبەستانەی لەو دوو بوارەدا كردوونی.

خاڵێكی تر كە لە نووسراوەكەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە، کردنەوەی ھەژماری بانکییە لە بانکە نێودەوڵەتییە متمانەپێکراوەکان لە ماوەی 45 ڕۆژدا بۆ دانانی گشت داهاتی نەوت و غازی ھەرێم لەو هەژمارەدا، ئەمەش بە واتای دوورخستنەوەی ھالک بانکی تورکی لە پرۆسەی نەوت و غازی هەرێم دێت.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە كۆتایی نووسراوەکەیدا ھۆشداری داوەتە سەرجەم لایەنەکان بە حکومەتی هەرێمیشەوە کە پابەندییەکانی سەرشانیان جێبەجێبکەن و دەڵێت، “ئەمانە هاوشێوەی سیاسەتی نوێی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت دەبن لە داهاتوودا”.

بابەتی پێشتر

"كێشەكە چارەسەر دەكرێت"‏ <br>ڕاگرتنی بەنزینەكەی بەغداد چ كاریگەرییەكی لەسەر نرخ دەبێت؟

بابەتی دواتر

سێیەم دانیشتن شكستیهێنا<br> بژاردەكانی بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران چین؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دۆلار زیاتر دابەزی

جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراوەكەی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لەكاتی داخستنی بازاڕی…
Total
0
Share