خۆی و تانكەكەی ڕادەستی ئۆكرانیا كرد و 10000 دۆلار پاداشت وەردەگرێت

سەربازێكی ڕوسیا خۆی و تانكەكەی ڕادەستی هێزەكانی ئۆكرانیا كرد، لە بەرامبەردا بە 10 هەزار دۆلار پاداشتدەكرێت و بەڵێنی پێدراوە ڕەگەزنامەی ئۆكرانی پێبدرێت.

ڤیكتۆر ئەندرۆسیڤ ڕاوێژكاری وەزیری ناوخۆی ئۆكرانیا هەواڵەكەی ڕاگەیاندووە و دەڵێت، “پۆلیسی نیشتمانیی ئۆكرانیا بە بەردەوامی نامە بۆ سەربازانی ڕوسیا دەنێرێت و هانیاندەدات خۆیان ڕادەستبكەن و ڕێگەكانی ئەنجامدانی ئەو كارەیان بۆ ڕووندەكاتەوە”.

بەپێی وتەی ناوبراو، پۆلیسی نیشتمانیی ئۆكرانیا پەیوەندییەكی لە سەربازێكی ڕوسی بەناوی “میشا”وە پێگەیشتووە و ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ خۆبەدەستەوەدان و جەختیكردووەتەوە كە مكوڕە لەسەر ئەو كارەی.

كاربەدەستەكەی حكومەتی ئۆكرانیا ئاشكرایكردووە، بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان چاودێریی سەربازە ڕوسەكەیان كردووە نەوەك بۆسە بێت و بۆیاندەركەوتووە دوای هەڵاتنی هاوڕێكانی و گەڕانەوەیان بۆ ڕوسیا، “میشا” بە تەنها ماوەتەوە و خۆی بەدەستەوە داوە.

ڤیكتۆر ئەندرۆسیڤ دەڵێت، هێزە تایبەتەكانی ئۆكرانیا ڕێنماییان داوە گرتەی ڤیدیۆیی لەبارەی ڕووداوەكەوە بڵاونەكرێتەوە و دووپاتیكردەوە، “میشا زۆر ئاسوودەیە و دوای تەواوبوونی جەنگ، 10 هەزار دۆلاری وەك پاداشت پێدەدرێت و چانسی وەرگرتنی ڕەگەزنامەی ئۆكرانی دەبێت. تا ئەو كاتەش بە ئارامی دەژی و شوێنی مانەوە، تەلەڤیزیۆن، تەلەفۆن، چێشتخانە و گەرماوی بۆ دەستەبەردەكرێت”.

بابەتی پێشتر

قسەی نوێی وەزارەتی كارەبا لەبارەی پێوەری زیرەكی كارەباوە

بابەتی دواتر

ڕوونكردنەوە لەبارەی سزادانی مامۆستایان دەدرێت، نووسراوێك بۆ حكومەت دەنێردرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share