بلینکن: ئەگەر دانوستانەکان درێژە بکێشێت گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی سەخت دەبێت

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە مەترسییەکانی ئێران لە ناوچەکە کردەوە و ڕایگەیاند، ئێران پاڵپشتیی تیرۆر دەکات، سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدات، هۆشداریشیدا لە ئەگەری درێژەکێشانی دانوستانەکانی ڤیەننا گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی سەخت دەبێت.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئەنتۆنی بلینکن ڕایگەیاند، “ناکۆکییە بنەڕەتییەکانمان لەگەڵ ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی 2015 هێشتا بەردەوامن”.

جەختیشیکردەوە، وڵاتەکەی ناگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەی کە پێشتر لێیکشاوەتەوە تاوەکو ئێران پابەندبوونی تەواوی خۆی پیشان نەدات.

بلینکن دەڵێت، لە ئەگەری زیاد لە پێویست درێژەکێشانی دانوستانەکان گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی سەخت دەبێت.

بەرپرسە ئەمریکییەکە، ئێران بە مەترسیی گەورە ناودەبات کە ئەگەر بۆمبی ئەتۆمی دروستبکات زۆر لەوەی کە ئێستا هەیە مەترسیدارتر دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە ژان ئێف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی چاوەڕێدەکات ئێران بڕیاری پێویست بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بدات و وتی، “چاوەڕێ دەکەین ئێران دوایین بڕیاری قورس بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بدات”.

ئەو وڵاتانەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا ماونەتەوە بریتیین لە، “بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، چین و ڕوسیا ئێستا بەشدارن لە دانوستانەکانی ڤیەننا بە بەشداریی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا یەکەم گەڕی دانوستانەکانی دەستپێکرد.

بابەتی پێشتر

ئیسرائیل: ئەمریکا ڕەزامەندیش پیشان نەدات جۆلان تاهەتایە لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدا دەبێت

بابەتی دواتر

تەندروستیی جیهانی: دەلتا کۆرۆنا خێراتر و کوشندەترە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share