پووری كچەكەی خۆی پێنەدا و ئەویش ماڵەكەی تەقاندەوە

دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، سزای لەسێدارەدانی بەسەر كەسێكدا سەپاند كە ماڵی پووری خۆی تەقاندووەتەوە و كوڕەكەی كوشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ڕووداوەكە لە باشووری خۆرهەڵاتی بەغداد ڕوویداوە، گەنجێك هەوڵیداوە هاوسەرگیری لەگەڵ پورزایەكیدا بكات و چووەتە خوازبێنیی كچەكە، بەڵام پووری بەو هاوسەرگیرییە قایلنەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، كوڕەكە چەند جارێك داوای كچەكەی لە پووری كردووە، بەڵام بەهۆی جیاوازیی ئاستی خوێندنیانەوە بەو پرۆسەیە قایلنەبوون، كچەكە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە و كوڕەكەش خوێندنی تەواونەكردووە.

سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەڵێت، تۆمەتبارەكە بۆمبێكی لە ماڵی پووریدا داناوە، دواتر و لەكاتێكدا پووری و كوڕ و كچەكەی لە ماڵەكەدا بوون، بۆمبەكەی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە تەقاندووەتەوە و كوڕەكە كوژراوە.

دوای لێكۆڵینەوە، دادگا بۆیدەركەوتووە تۆمەتبارەكە پەیوەندی بە ڕێكخراوی داعشەوە هەبووە، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، وەك ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئاشكرایكردووە.

بابەتی پێشتر

لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان سێ بەندکراوی کورد پێش لەسێدارەدانیان بڕیاری لێخۆشبوونیان بۆ دەركرا

بابەتی دواتر

لە هەڵەبجە خۆپیشاندان كرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share