وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌: هێرشه‌كه‌ ده‌ستدرێژییه‌كى ئاشكرایه‌

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌باره‌ى هێرشه‌كه‌ى شه‌وى ڕابردووى سه‌ر هه‌ولێر ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر هێرشێك بۆسه‌ر هاوپه‌یمانان و دۆستانیان بكرێت، به‌هێرش و په‌لاماری سه‌ر پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی كوردستانی ده‌زانن.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، “سه‌ركۆنه‌ی توندی ئه‌و په‌لامار و ده‌ستدرێژیانه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێری پایته‌خت ده‌كه‌ین و دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌ستدرێژییه‌كی ئاشكرایه‌ بۆ سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری و پێكه‌وه‌ ژیانی پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه”‌.

باسی له‌وه‌ش كردووه‌، “په‌لامار و هێرشی له‌و شێوه‌یه‌، ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان لاواز ناكات و به‌ ئیراده‌ی پۆڵایینی پێشمه‌رگانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌بینه‌وه”‌.

له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، “هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، خوازیاری پاراستنی ئاشتی و ئارامی ناوچه‌كه‌یه‌، خه‌باتیشی بۆ به‌رگریكردنه‌ له‌ خاك و خه‌ڵكی كوردستان و ناوچه‌كه، له‌مڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ ده‌كه‌ین، كاری جددی بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و په‌لامارو هه‌ڕه‌شانه”‌‌.

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه‌، “نیگه‌رانین به‌ ڕووداو و په‌لاماری له‌و شێوه‌یه‌، هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر هاوپه‌یمانان و دۆستانمان بكرێت، به‌هێرش و په‌لاماری سه‌ر پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی كوردستانی ده‌زانین، هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌رێم، هاوشان له‌گه‌ڵ هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كان و سوپای عێراق ئه‌ركی ئه‌وله‌ویه‌تی ئێستایان ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و ڕاوه‌دوونان و تێكشكاندنیانه”‌.

هه‌ر له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، “سه‌لامه‌تی و پاراستنی ئاسایشی هه‌رێم، به‌ ئه‌ركی ڕاسته‌قینه‌ی سه‌رشانی خۆمانی ده‌زانین، له‌و ئه‌ركه‌ش درێخی ناكه‌ین.”

بابەتی پێشتر

بارزانی و سەدر لیژنە بۆ "بیانووی ئیسرائیل" پێكدەهێنن

بابەتی دواتر

كاركردن بە گرێبەستی كۆنی ئۆتۆمبێل درێژكرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share