مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیامێكی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “دەستدرێژییە بۆسەر ئاسایشی گەلەکەمان”.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە پەیامێكی لە كاردانەوەی هێرشە مووشەكییەكەی سەر شاری هەولێر بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “ئەو دەستدرێژییەی شاری هەولێری ئازیزی کردەئامانج و خەڵکەکەی تۆقاند؛ دەستدرێژییە بۆسەر ئاسایشی گەلەكەمان”.
كاتژمێر یەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، لەڕێگەی مووشەكەوە هێرشکرایەسەر شاری هەولێر و ژمارەیەك لە مووشەکەکان بەر ناوچەی نیشتەجێبوون کەوتن، بەپێی لێدوانی وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان، هێرشەكان زیانی گیانییان لێنەكەوتووەتەوە و زیانەكان تەنها ماددی بوون.
لە پەیامەكەیدا كە لە تویتەر بڵاویكردووەتەوە، كازمی دەڵێت، “لەگەڵ برام سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بەدواداچوونم بۆ پەرەسەندنەكانی دۆخەكە كرد، هێزە ئەمنییەكانمان لێكۆڵینەوە لەم هێرشە دەكەن و بەرەنگاری هەر تێكدانێكی ئاسایشی شارەكانمان و سەلامەتیی هاوڵاتییانمان دەبینەوە”.