كازمی لەنێوان ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ هەرێم و یاسای قەرز تیاماوە

سەرۆكوەزیرانی عێراق لەنێوان جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و پابەندبوون بە دەقی یاسای قەرزكردن تیاماوە و پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت، كازمی دەتوانێت بۆ ئەم مانگەش بڕی 320 ملیار دینارەكە بنێرێت و نامەیەكی حكومەتی هەرێمیش بۆ بەغداد ئاشكرادەكات.

بەرەبەیانی پێنجشەممەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی پەسەندكرد و، یەكێك لە بڕگەكانی یاساكە تایبەتكرا بە پشكی هەرێم و بەپێی ناوەرۆكەكەی پێویستە حكومەتی هەرێم لەسەر بڕی ڕادەستكراوی نەوت لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆ ڕێبكەوێت و نیوەی داهاتی ناوخۆ ڕادەستبكات بەر لەوەی هەر پشكێكی لەلایەن بەغدادەوە بۆ بنێردرێت.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی (قەرزكردن) كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئەوەی پەیوەندیدارە بە هەرێم ماوەتەوە لەسەر ئەوەی حكومەتی هەرێم بچێتە بەغداد و ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆ و حكومەتی ناوەنددا بكات.

وتیشی، “دەربارەی ناردنی 320 دینارەكە بۆ هەرێم دەكەوێتە سەر كازمی ئایا ڕێككەوتنەكە جێبەجێ دەكات یان یاساكە”.

“دەكەوێتە سەر كازمی ئایا ڕێككەوتنەكە جێبەجێ دەكات یان یاساكە”

سەبارەت بەوەی ئایا لەڕووی یاساییەوە كێشە بۆ سەرۆكوەزیران دروستنابێت ئەگەر پشكی هەرێم بنێرێت شیروان میرزا وتی، “لەڕووی یاساییەوە كێشەی بۆ دروستدەبێت، چونكە یاساكە چووەتە بواری جێبەجێكردەنەوە، بەڵام لە ڕووی سیاسیەوە و لەڕووی ئەوەشەوە كە ڕێككەوتنێك هەیە لەنێوان هەرێم و بەغداد و مانگێكی ماوە دەتوانێت پابەندبێت بە ناوەرۆكی ڕێككەوتنەكەوە”.

شەوی ڕابردوو ئه‌حمه‌د مولا ته‌ڵاڵ، وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی، “له‌ بودجه‌ی 2019دا كه‌ ئێستا كاری پێده‌كرێ، پشكی هه‌رێمی كوردستان ملیارێك دۆلاری مانگانه‌یه‌، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق هاتووه‌ پاره‌ی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت كه‌ ده‌بێت هه‌رێم بینێرێت، له‌گه‌ڵ داهاتی پێشبینیكراوی ناوخۆ و خاڵه‌ سنووره‌كانی هه‌رێمی لێده‌ركردووه‌ و 250 ملیۆن دۆلار كه‌ ده‌كاته‌ 320 ملیاره‌ دیناره‌كه‌ مانگانه‌ ده‌ینێرێت بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم”.

مولا ته‌ڵاڵ ئه‌وه‌شی خستەڕوو، “پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هاوشێوه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌سڕه‌ و عێراق ئه‌ركه‌ له‌سه‌رمان و قوتی ئه‌وان دابینده‌كه‌ین”.

لە سەروبەندی پەسەندكردنی پەسەندكردنی یاسای قەرز لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ئەو گازندەیە لەلایەن بەشێك لە پەرلەمانتارانەوە دوبارەكرایەوە كە هەرێم پابەندی ڕادەستكردنی نەوت نەبووە وەك ئەوەی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، بەڵام شیروان میرزا ئاشكراشیكرد، حكومەتی هەرێم لە 18ی تشرینی یەكەمی ڕابردوو نوسراوێكی ئاراستەی بەغداد كردووە و تیایدا داوای جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی كردووە، وەك ئەو پەرلەمانتارە دەیڵێت، حكومەتی هەرێم لەوەدا دەستی خۆی پێشخستووە كە ئامادەیە بۆ جێبەجێكردن و عێراق وەڵامی نەداوەتەوە.

“ساڵی 2018 عەبادی بۆ ماوەی ساڵێك بڕی 317 ملیار دیناری نارد بۆ هەرێم لە كاتێكدا هیچ ڕێككەوتنێك لە ئارادانەبوو”

جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە لە ساڵی 2018 عەبادی بۆ ماوەی ساڵێك بڕی 317 ملیار دیناری نارد بۆ هەرێم لە كاتێكدا هیچ ڕێككەوتنێك لە ئارادانەبوو، بۆیە كازمی دەتوانێت ڕێككەوتنەكە جێبەجێ بكات.

پێشتریش فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغداد لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا وتی، “بەپێی ڕێککەوتنی پێشتری نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان مانگانە بەغداد 320 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم دەکات”، بۆیە ئەوەی لە یاسای قەرزدا هاتووە پشكی هەرێم ناگرێتەوە.

وتیشی، “بەغداد مانگانە 320 ملیار دینارەکە بۆ هەرێم دەنێرێت و ئەو بڕە پارەیە هیچ کێشەیەکی بۆ دروستنەبووە، تاوەکو بودجەی ساڵی 2021 پەسەند دەکرێت بەغداد پارەکە دەنێرێت و هەرێمیش پابەند دەبێت بەو مەرجانەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە”.

دابەشكردنی موچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی عێراق دەستی پێكردووە و موچەی ئەم مانگەش لەكاتی خۆیدا دەدرێت، وەك ئەوەی ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسیكرد.

لێدوانەكەی وتەبێژی حكومەتی بەغدادیش كە وتی، “ئه‌وه‌ی ئه‌ركی حكومه‌تی عێراقه‌ له‌ ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم جێبه‌جێی ده‌كه‌ین” ئەو پرسیارەی دێنێتە ئاراوە كە ئایا هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق، موچەخۆرانی هەرێمیش لەمساڵدا زیاتر لە موچەیەك وەردەگرن یان نا؟

بابەتی پێشتر

بڕیاری داخستنی دەروازە نافەرمییەكان هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە؟

بابەتی دواتر

مۆدێرنا هیوایەكی بە جیهان بەخشی.. هەرێمی كوردستانیش دڵخۆشە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

“شەرعیەتی دیموكراسییان نەماوە”
بڕیارێكی پەرلەمان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی لەبیربردووەتەوە

بەو بڕیارەی لە ساڵی ڕابردوو پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە درێژكردنەوەی تەمەنی دەریكرد، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بووەتە پرسێكی لەبیركراو،…
Total
0
Share