تۆماس گراڤیسن، یەکێکبوو لە یاریزانە دانیمارکییەکانی یانەی ڕیاڵ مەدرید، دوای وازهێنانی لە بواری تۆپی پێ وەک قوماربازێکی جیهانیی دەرکەوتووە و سەدان ملیۆن دۆلاری پاشەکەوت کردووە.
ڕۆژنامەی دەیلی ستار لەزاری چەند کەسێکی شارەزای بواری قوماربازی-یەوە ئاشکرایکردووە، گراڤیسن دوای یاریکردنی بۆ یانەکانی هامبۆرگ، سێڵتیک، ئێڤەرتۆن و ڕیاڵ مەدرید، لە ساڵی 2009 پێڵاوەکانی هەڵواسیوە و چووە بۆ ئەمریکا دانیشتووە.
لەگەڵ هاوسەرەکەی بەناوی کامێلا پێرسی، لە شاری لاس ڤیگاس جێگیربووە، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی گازینۆیەکی ڤیگاس وتوویەتی، “شەوێکیان بەرامبەر بە یاریزانێکی دیکە، بە یاریی پۆکەر 54 ملیۆن دۆلاری دۆڕاند، بەڵام دواتر بەدەستیهێنایەوە”.
بەپێی زانیارییەکان، گراڤیسن بڕی 80 ملیۆن دۆلاری بە یاریی پۆکەر و یارییە ئەلیکترۆنییەکان بردووەتەوە، سەروەتەکەی لە ئەمریکا 100 ملیۆن دۆلار بووە، لەئێستادا وەک ملیۆنێرێک گەڕاوەتەوە بۆ دانیمارک.