سەرۆكی ئۆكرانیا لە هەفتەی ڕابردوودا لانیكەم لە سێ هەوڵی كوشتن ڕزگاریبووە، دوو گروپی جیاواز بۆ بەئامانجگرتنی زیلینسكی ڕەوانە كراون، كە فاگنەرەكان-ی ڕوسیا و هێزە تایبەتەكانی چیچان-ن، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی تایمز-ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە.
ڕۆژنامەكە دەڵێت، هەوڵەكانی هەردوو گروپی ڤاگنەر و هێزە چیچانییەكە شكستیانهێناوە بەپێی زانیارییەكانی ناو دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی ڕوسیا (FSB)، دەشڵێت، ڤاگنەر زیانی گەورەی پێگەیشتووە لەكاتی هەوڵەكەیدا بۆ كوشتنی ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا.
ڕوونیشیدەكاتەوە، ئەندامانی تیمی ئەمنیی تایبەتی ڕوسیا سەرسامبوون بە وردیی زانیارییەكانی بەردەست تیمی ئەمنیی سەرۆكی ئۆكرانیا دەربارەی جوڵە و هەوڵەكانیان بۆ كوشتنی.
ڕۆژنامە بەریتانییەكە لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە ڤاكنەر وتی، ئاستی ئاگاداریی ئەمنیی تیمی زیلینیسكی “ترسێنەر” دەردەكەوێت.
دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیا شەممەی ڕابردوو هەوڵێكی كوشتنی سەرۆكەكەیان لە دەوروبەری كیێڤ پوچەڵكردەوە، بەرپرسانی ئاسایش ڕوونیانكردەوە ژمارەیەك لە “بكوژە” چیچانییەكان لەناوبراون بەر لەوەی بتوانن بگەنە زیلینسكی.
ڤاگنەرەكان كێن؟ گروپێكی شەڕكەری ڕوسی، بەنیازی “كوشتنی زیلینسكی”ن
سیخوڕی ڕوسی
ئۆلیسكی دانیلۆڤ، سكرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئۆكرانیا ڕایگەیاند، سیخورە ڕوسییەكان كیێڤ-یان لە پلانی كوشتنی زیلینسكی ئاگاداركردووەتەوە.
بەرپرسانی ئۆكرانی دەڵێت، ئەو زانیارییانەی بەدەستیانگەیشتووە و بووەتەهۆی كوشتنی كۆمەڵە چیچانییەكە لەڕێی ئەو سیخوڕانەیانەوە بووە كە لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی ڕوسیا كاردەكەن و، ناڕازین بەرامبەر شەڕی مۆسكۆ بۆسەر وڵاتەكەی دراوسێی.
گروپە چیچانییە تایبەتەكە لەژێر فەرمانی ڕەمەزان قادیرۆڤ-دا كاردەكەن.
بەپێی ڕۆژنامەی تایمز گروپی ڤاگنەرەكان زانیارییان لەبارەی ئەوەوە نەبووە كە گروپە چیچانییەكە هەمان ئەركیان هەیە، كە ئەویش لەناوبردنی سەرۆكی ئۆكرانیایە، بەڵام ڤاگنەرەكان هەوڵەكانیان دەستپێكردووە پاش دزەكردنە ناو كیێڤ بەر لە شەش هەفتە، هەروەها دەستیانكردووە بە چاودێریكردنی چالاكیی 24 كەسایەتیی ئۆكرانیی پلەباڵا كە دەویسترێت لەناوببرێن.
سەرچاوەیەكی نزیك لە گروپەكە بە ڕۆژنامە بەریتانییەكەی وتووە، سەرەڕای لەدەستدانی ژمارەیەك لە ئەندامەكانیان لە هەوڵە شكستخواردووەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بەڵام ژمارەكان تائێستا لە بەرژەوەندییاندایە، بەهۆی ئەوەی تائێستا نزیكەی 400 كەسیان لە كیێڤ-ن.
ڕوونیشیكردووەتەوە، باوەڕوایە گروپی ڤاگنەر پلانی دیكەیان دانابێت بۆ كوشتنی سەرۆكی ڕوسیا لە ڕۆژانی شەممە (ئەمڕۆ) و یەكشەممەدا.
تایمز دەشلێت، لەپێناو خۆ ڕزگاركردن لە هەوڵی كوشتن، پێدەچێت زیلینكسی تیمێكی زۆر متمانەپێكراوی لە دەوروبەری خۆی دانابێت، لەگەڵ گۆڕینی بەردەوامی شوێنی مانەوە و گۆڕینی ئەو هۆكارانەی پەیوەندی كە بەكاریاندەهێنێت.