بەرەبەیانی ئەمڕۆ كۆریای باكوور مووشەكێكی نەناسراوی بە ئاراستەی دەریای ژاپۆن هەڵدا.
ئاژانسی یونهابی كۆریای باشوور بڵاویكردەوە، كۆریای باكوور مووشەكێكی نەناسراوی بە ئاراستەی دەریای ژاپۆن هەڵداوە.
لای خۆیەوە ئێشكگری كەناراوەكانی ژاپۆن هەڵدانی مووشەكەكەی لە كۆریاوە دووپاتكردەوە و لە ئاگادارییەكدا داوای لە سەرجەم كەشتییەكانی ناوچەكە كرد لە پارچەی مووشەكەكە نزیك نەبنەوە لەكاتی دۆزینەوەیدا، بەڵكو بەپەلە پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی ژاپۆنەوە بكەن.
لەگەڵ بەردەوامیی هەڵپەساردنی گفتوگۆكانی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان، پێدەچێت پیۆنگ یانگ سووربێت لەسەر نوێكردنەوەی توانا سەربازییەكانی.
پێشتر وڵاتەكە وەڵامدانەوەی داواكارییەكانی ئەمریكا بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان ڕەتكردەوە.
لە 27ی شوباتی ڕابردوو پیۆنگ یانگ مووشەكێكی بالیستی بەرەو دەریای ڕۆژهەڵات هەڵدا، لە كانونی دووەمیشدا حەوت تاقیكردنەوەی مووشەكی ئەنجامدا لەنێویاندا مووشەكێكی بالیستی مامناوەند مەودا.