ئێستا زانیاری نوێ لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بڵاودەكاتەوە

سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەم وەرزەی خولی یاساداناندا كاری لەپێشینەیان ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجە و فشاركردن لە حكومەت دەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ماوەی هەشت ساڵە هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نییە و لەم وەرزەی خولی یاساداناندا كاری لە پێشینەیان ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجەیە تا فشار لە حكومەت بكەن لەو ڕێگایەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران كە ماوەی هەشت ساڵە ڕاگیراوە دەستپێبكاتەوە.

وتیشی، “ماوەی چەند ساڵێكە هیچ كەسێك دانەمەزرێندراوە و پلەبەرزكردنەوە ڕاگیراوە، بە ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجە ئەو نادادپەروەرییە لە دابەشكردنی بودجەی نێوان ناوچەكان و ناشەفافی لە داهاتەكاندا هەیە چارەسەر دەكرێت”.

سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی چەند ساڵێكە گرفت بۆ دابەشكردنی مووچەش دروستبووە، ئەگەر یاسای بودجەمان هەبێت كێشەی دواكەوتنی مووچە چارەسەردەبێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە سەرەڕای كۆتاییهاتنی مانگی شوبات، تائێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی ئەو مانگەیان وەرنەگرتووە و هیچ دەنگۆیەكیش لەبارەی دەستپێكردنی دابەشكردنیەوە نییە.

پێشتر لوقمان وه‌ردى، ئه‌ندامى فراكسیۆنى یەكێتی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ تۆڕی میدیایی ‏ئێستاى ڕاگه‌یاند، نرخى نه‌وت گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌روو 100 دۆلار، به‌ڵام دۆخى مووچه‌ زۆر ‏خراپترە له‌وكاته‌ى كه‌ نرخه‌كه‌ى له‌ خوار 50 دۆلار بووه‌، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایه‌تیى ‏مووچه‌خۆران و هاوڵاتییانى به‌دوای خۆیدا هێناوه‌.‏

بۆیە بەوتەی پەرلەمانتارەكەی یەكێتی، “ ناكرێت له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بێده‌نگ بین، چونكه‌ وه‌كو مه‌ته‌ڵى لێهاتووه‌، نرخى نه‌وت 50 ‏دۆلار بوو دۆخى مووچه‌ باشتربوو، ئێستاش كه‌ له‌ سه‌روو 100 دۆلاره‌ دۆخى ‏فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران به‌وشێوه‌یه ‌بێت، كه‌ هه‌رچی خزمه‌تگوزارییه‌ وه‌ستاوه‌، ‏ئه‌وه‌ش حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان لێی به‌رپرسن، هه‌رچی په‌یوه‌ندیی به‌ ‏داهاتیشه‌وه هە‌یه‌، وه‌زیری دارایی به‌رپرسیاره‌”.‏

ئاشكراشیكرد، په‌رله‌مانتاران له‌ فراكسیۆنه‌ جیاجیاكان واژوویان كۆكردووه‌ته‌وه‌ تاوه‌كو ‏هه‌ردوو وه‌زیرەكە (دارایی و سامانە سروشتییەكان) بهێنرێنە‌ په‌رله‌مان، چونكه‌ ناكرێت ‏دۆخه‌كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌.‏

وه‌ردى نیگەرانە لەوەی لە دابەشكردنی مووچەدا جیاوازی دەكرێت لەنێوان پارێزگاكان، ‏‏”شه‌رمه‌ له‌ دابه‌شكردنى مووچەدا ‌له‌نێوان شاره‌كان جیاوازیى بكرێت، له‌ هه‌رێمێكدا كه‌ ‏چوار پارێزگایه”. ‏

بابەتی پێشتر

هەولێر.. كەسێك بەتۆمەتی دزینی 4 تۆیۆتا لاندگرۆزەر و بڕێك پارە و زێڕ دەستگیركرا

بابەتی دواتر

ڕوسیا ژمارەی كوژراوانی ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share