مووچەی نزیکەی 20 هەزار خانەنشینی پلەباڵای پێشمەرگە کەمدەکرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، نزیکەی 20 هەزار خانەنشینی پلە باڵای پێشمەرگە لە پلەکانی (رائید، موقەدەم، عەقید، عەمید، لیوا، فەریق روکن و فەریق)، مووچەکانیان کەمدەبێتەوە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم گۆڕانکارییە بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق دەبێت کە لە ساڵی 2014 دەرچووە و یاسایەکی نوێترە لەچاو یاسا کارپێکراوەکەی ئێستای هەرێم کە لە ساڵی 2007 دەرچووە.
وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان کردووە، کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پرسی خانەنشینانی پێشمەرگەی هەرێم لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراقدا چارەسەربکات.
تاوەکو ئێستا خانەنشینانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای یاسای ژمارە 38ـی ساڵی 2007ی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەردەگرن.
لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە داوایکردووە کە خانەنشینیی پێشمەرگە لەبری یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، بەگوێرەی یاسای راژە و خانەنشینیی ساڵی 2007 بێت، هۆکاری ئەم داواکارییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەرماڵەی ژن و منداڵ و مەترسی لە یاسای 2007دا ماوەتەوە، بەڵام لە یاسای عێراقیدا نییە.
مووچەی پلەدارەکانی پێشمەرگە لەنێوان 500 هەزار دینار تاوەکو نزیکەی دوو ملیۆن دینار کەمدەبێتەوە.