وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا باس لە پێشڕەویی ڕوسیا بەرەو كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیا دەكات، پێیوایە مۆسكۆ نیەتی ڕوخاندنی حكومەتی ئۆكرانیای هەیە.
كەمێك لەمەوبەر وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا – پێنتاگۆن ڕایگەیاند، سوپای ڕوسیا پێشڕەوی دەكات بەرەو كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیا، بۆیە بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی پێنتاگۆن، ڕوسیا دەیەوێت حكومەتی ئۆكرانیا بڕوخێنێت و حكومەتێكی جێگرەوە دابمەزرێنێت.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ڕاشیگەیاندووە، ڕوسیا تا ئێستا بەرەو خۆرئاوای ئۆكرانیا پێشڕەویی نەكردووە، بەڵام لە ئاسمان و زەمینەوە لە خۆرهەڵات و باكوور و باشوورەوە لە پێشڕەویدان.
پێشتر زۆربەی بۆچوونەكان بەرەو ئەوە بوون، كە ڕوسیا دەیەوێت حكومەتێكی نزیك لە خۆی لە ئۆكرانیا دابمەزرێنێت و بۆ ئامانجێكی لەو شێوەیەش چەند هەنگاوێكی ناوە و تەنانەت چەند سیاسییەكی ئۆكرانیی نزیك لە مۆسكۆی بۆ ئەو پرسە دەستنیشانكردووە.
قسەكردنی ئەمریكا لەبارەی بەرەوپێشچوون بەرەو كیێڤ، هاوكات بوو لەگەڵ لێدوانێكی ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا كە ڕایگەیاند، ڕوسیا فڕۆكەخانەیەكی سەربازیی نزیك كیێڤی كۆنترۆڵكردووە.
زیلینسكی بە ڕوونی بە وڵاتانی ئەوروپی و جیهانی وت، “ئەوی ئەمڕۆ لەبەردەرگای ئێمەیە، سبەینێ دێتە بەردەرگای ئێوە”.