ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، 13 داوای یاسایی دژ بە ئەندامێكی جوڵاندووە بەهۆی ناوزڕاندن و وتنی قسەی نەشیاو بە سەرۆكی ئەنجومەنەكە.
ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ شەممە 17ی تشرینی دووەم لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی بەدواداچوونەكانیدا تایبەت بە ئەنجومەنی نوێنەران، فەرمانگەی میدیایی بۆی دەركەوت پەرلەمانتار عەلی عەبدوڵا حەمود سجەری تۆمەتی نادروستی لەڕێی تۆڕە میدیاییە جیاوازەكانەوە بڵاوكردووەتەوە و تیایدا محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆمەتی بێ بنەما و ناڕاست و بێ بەڵگە تۆمەتبار دەكات.
ئاشكراشیكرد، ئەو وتانە بە تاوانی ناوزڕاندن و قسەی نەشیاو و سوكایەتیپێكردن بە سەرۆكی دەسەڵاتی یاسادانان دادەنرێت، بۆیە تائێستا 13 سكاڵای یاسایی دژ بە ناوبراو جوڵاندووە، پاش ئەوەی نەیتوانیوە تۆمەتەكان بسەلمێنێت و هیچ بەڵگەیەكیشی نەبووە.
پەرلەمانتار عەلی سجەری ناوبەناو لێدوان دژ بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەدات و بە “گەندەڵی” تۆمەتباری دەكات.