یەكێتی: دەبووایە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەچاوبکرایە

وتەبێژی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، دەبوو لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا مافە دەستوورییەکانی هەرێم ڕەچاوبکرایە و دەشڵێت، داوامان لە هەموو لایەنەکان ئەوەیە دەستوور بۆ هیچ مەرامێکی بەرتەسکی سیاسی پێشێلنەکرێت.

ئەمین بابەشێخ، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕوونكردنەوەیەكی سەبارەت بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان بڵاوكردەوە و دەڵێت، وێڕای پاراستنی بنەماکانی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، دەبووایە لەم بڕیارەدا مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەچاوبکرایە.

دەشڵێت، “پێویستە و دەکرێت لەم قۆناغەدا بیر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بکرێتەوە، نەک کێشەکان ئاڵۆزتر بکرێن. پێویستبوو دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، بە پشتبەستن بە بنەما دەستوورییەکان دانوستان لەسەر ئەم پرسە و پرسەکانی تر بکرانایە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق”.

“داوامان لە هەموو لایەنەکان ئەوەیە کە دەستوور بۆ هیچ مەرامێکی بەرتەسکی سیاسی پێشێلنەکرێت” وتەبێژی یەكێتی وادەڵێت و داواشدەكات، بۆ پرسێکی وەک یاسای نەوت و غاز و گشت پرسە چارەنووسسازەکانی تر، دەقە دەستوورییەکان جێبەجێبکرێن، لەپێناو پاراستنی سیستەمی فیدراڵی و سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا.

لە كۆتاییشدا داوا لە گشت لایەنەکان دەکات بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی سیاسی گرفتەکان چارەسەربکرێن.

بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی كە دوێنێ دەرچوو، یاسای نەوت و غازی حكومەتی ‏هەرێمی بە نادەستووری ناوبرد، حكومەتی هەرێم پابەنددەكات بە ڕادەستكردنی تەواوی ‏بەرهەمی نەوت لە كێڵگەكان، دەسەڵاتی پووچەڵكردنەوەی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمیش بە ‏حكومەتی ناوەند و وەزارەتی نەوتی عێراق دەدات.‏

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

یونامی ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەكەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و پلاسخارت و بڵاوكردەوە

نوێنەرایەتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هاریكاریی عێراق (یونامی) بڵاویكردووەتەوە لە دیالۆگێكدا لە هەولێر كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ڕێكخرابوو لایەنە سیاسییەكانی…
زیاتر ببینە

فراکسیۆنی گۆڕان ڕوونکردنەوەیەكی سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی ئەندامێکی بڵاوكردەوە

فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕوونکردنەوەیەكی بڵاوكردەوە سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی ئەندامێکی فراکسیۆنەکە بە ناوی محەمەد شێخ وەهاب،…
Total
0
Share