لە دوای ڕاپەڕین، لە هەڵەبجەش هۆشداریی دەدرێت لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی سکچوون

دوای ئەوەی ڤایرۆسی ڕۆتا لە ئیدارەی ڕاپەڕین بڵاوبووەوە و بووەهۆی نەخۆشخستنی دەیان کەس، لە پارێزگای هەڵەبجەش هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی سکچوون دەدرێت.

ئەکرەم محەمەد، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی هەڵەبجە ڕایگەیاندووە، “داوا لە هاوڵاتییانی هەڵەبجە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین هاوکار و پشتیوانی هەڵمەتەکەی ئێمە بن بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی سکچوون”.

بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی هەڵەبجە وتووشیەتی، “ئاو سەرچاوەی یەکەمە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و پاک و خاوێنی و سەرچاوەی وەرگرتنی پێویستە چاودێری بکرێن، بۆ ئەوەی نەخۆشییەکە لە هەڵەبجە بڵاونەبێتەوە”.

تەندروستیی هەڵەبجە بڕیاریداوە، جگە لە ڕێکارە تەندروستییەکان هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییانیش دەستپێبکات.

بەپێی زانیارییەکانی تەندروستیی هەرێم، چۆنیەتیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەم شێوەیەیە:

ـ  نەشۆردنی دەستەکان دوای چوونە توالێت.

ـ بەرکەوتنی دەست بەو شوێنانەی پیسبوون بە ڤایرۆسەکە.

ـ  خواردنی پیسبوو بە ڤایرۆسەکە.

ـ کەسی تووشبوو لە ڕێی پیساییەوە ڤایرۆسەکە دەکاتە دەرەوە بەم جۆرە ڤایرۆسەکە، ژینگەی دەوروبەر پیسدەکات و خەڵکی تر تووشدەکات و ڤایرۆسەکە دەگواسترێتەوە لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی یەکتر.

بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە پێویستە دەستەکان بە باشی بشۆردرێن دوای چوونە توالێت و پێش نان خواردن و گرنگیی زیاتر بدرێت بە پاکوخاوێنی سەرجەم ئەو کەلوپەلانەی بەکاریاندەهێنین و ئەو خواردنانەی دەیانخۆین.

نیشانەکانی پەتای ڕۆتا

سکچوونێکی زۆر.

 ڕشانەوە و دڵتێکهەڵهاتن.

تایەکی کەم.

 ئازاری سک.

وشکبوونەوە

بۆیە پێویستە کەسی تووشبوو شلەمەنییەکان زۆر بخواتەوە و لە کاتی هەبوونی ئەم نیشانانە سەردانی نزیکترین ناوەندی تەندروستی و نەخۆشخانە بکات.

بابەتی پێشتر

پاکستان.. زیاتر لە 80 کەس بە تۆمەتی سووتاندنی قورئان پیاوێکیان کوشت

بابەتی دواتر

پۆلیسی سلێمانى نۆ كه‌سی له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ى شه‌وى ڕابردوو ده‌ستگیركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share