ئاسایشی عێراق: 20 تیرۆریستی مەترسیدار لە حەسەكە هەڵاتوون

قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەڵێت، “20 تیرۆریستی مەترسیدار لە گرتووخانەی غوێران لە حەسەكە هەڵاتوون”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕاوێژكارەكەی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لەگەڵ ڤیلێ ڤاریۆلا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق كۆبووەتەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەكەی، ئەعرەجی داوای لە وڵاتانی ئەوروپا كردووە هاوڵاتییانیان لە كامپی هۆل (شوێنی نیشتەجێبوونی بەشێك لە چەكدارانی داعش و كەسوكاریان لە ڕۆژئاوای كوردستان) بكشێننەوە و بیانبەنەوە وڵاتەكانی خۆیان.

دوێنێ دەزگا ئەمنییەكانی عێراق ڕایانگەیاند، زانیاریی هەواڵگرییان لەناو كامپی هۆل-ـەوە پێگەیشتووە بەوەی ڕێكخراوی داعش ئامادەكاریكردووە بۆ ھێرشكردنەسەر گرتووخانەی گرتن و ڕاگواستنی ئەنبار.

دەڵێن، “داعش بەنیازە سیناریۆكەی گرتووخانەی غوێران لە حەسەكە، لە عێراق دووبارە بكاتەوە و دەیەوێت چەكدارە گیراوەكانی كە لەو گرتووخانەیەدان ئازادبكات و دواتر زنجیرەیەك هێرشبكاتەسەر چەند شوێنێكی ئەمنیی هەستیار”.

لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ ڤیلێ ڤاریۆلا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق نیگەرانیی وڵاتەكەی نیشانداوە لە مەترسیی داعشەكانی سوریا و ڕایگەیاندووە، “20 تیرۆریستی مەترسیدار لە گرتووخانەی غوێران لە حەسەكە هەڵاتوون”.

ڤیلێ ڤاریۆلا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق پشتیوانیی وڵاتانی یەكێتییەكەی بۆ عێراق دوپاتكردووەتەوە و هانی عێراقییەكانی داوە پەلەبكەن لە پێكهێنانی حكومەت و ناڕەزایەتیی خۆی نیشانداوە لە هەر دەستوەردانێكی دەرەكی لە كاروباری ناوخۆی عێراقدا.

ڤاریۆلا ڕایگەیاندووە، یەكێتیی ئەوروپا پێنج ملیۆن یۆرۆی تەرخانكردووە بۆ یارمەتیدانی ئەو خێزانە عێراقییانەی بەهۆی تیرۆرەوە زەرەرمەندبوون.

بابەتی پێشتر

دەستەی دەستپاكی 165 گەورە بەرپرس بەتۆمەتی گەندەڵیكردن دەباتە دادگا

بابەتی دواتر

پەنابەرە کوردەکان لەناو کامپێکی سەربازیی پۆڵەندادان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share