وەقفی سوننی گرێبەستێكی بۆ كڕینی گسكی دەستی كردووە، 145 ملیۆن دینار خەرجكراوە بەبێ ئەوەی یەك گسكیش بكڕێت.
بەپێی میدیای عێراقی، ئەو گسكەی گرێبەستەكەی بۆكراوە، لەو جۆرەیە كە لە چڵی دارخورما دروستدەكرێت، وەقفی سوننی گرێبەستێكی بە بەهای 145 ملیۆن دینار كردووە بەمەبەستی كڕینی ژمارەیەك گسك.
بەپێی سەرچاوەكان، گرێبەستەكە وەهمی بووە و جێبەجێنەكراوە، پارەكە خەرجكراوە و هیچ گسكێك نەكڕدراوە و ئەوەش بە “گەندەڵییەكی ئابڕووبەرانە” ناوزەددەكەن.
سەرچاوەكان دەڵێن، وەقفی سوننی نغرۆی گەندەڵی بووە و ملیاران دیناری بەهەدەرداوە و پارەكان براونەتە دەرەوەی عێراق، دوایینیشیان گرێبەستی كرێنی گسكەكان بووە.
دوێنێ یەكشەممە ئەحمەد جبوری پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی عەزم كە لایەنێكی سوننییە، داوای لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران كرد كارەكانی سەعد كەمبش سەرۆكی وەقفی سوننی ڕابگرێت و تەنانەت لە پۆستەكەی دووریبخاتەوە و كەسێكی تر لە جێگەی ئەو دابنێت.