ڕەوتی سەدر چەمكی چاكسازیی خستە ناو دروشمەكەی لەبارەی حكومەتی زۆرینەوە

دوای بڕیاری ڕەتكردنەوەی دەنگدان بە كاندیدی گەندەڵ و بەشدارینەكردن لە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، ڕەوتی سەدر دروشمەكەی لەبارەی حكومەتی زۆرینەوە دەگۆڕێت.

حسێن عزاری، سەرۆكی فراكسیۆنی سەدر لە تویتێكدا دروشمی ڕەوتەكەی بۆ “حكومەتی زۆرینەی نیشتمانیی چاكساز” گۆڕی.

پێشتر موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر چەندین جار جەختی لەسەر پێكهێنانی “حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی” دەكردەوە.

زیادكردنی چەمكی “چاكساز” لەكاتێكدایە دوێنێ موقتەدا سەدر لە تویتێكدا ڕایگەیاند، “ئەگەر کاندیدەکەی پارتی هاوپەیمانمان یان هەر کاندیدێکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار تەواوی مەرجەکانی تێدانەبێت، ئەوا داوا لە پەرلەمانتارانی چاکسازی دەکەم دەنگی پێنەدەن”.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆ حسێن عزاری لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا لەنێو بینای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری هەڵپەساردنی وتووێژەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دراوە دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، تا كاتێكی دیكە.

وتیشی، ئەندامانی فراكسیۆنەكەیان بەشداریی دانیشتنی بڕیاردراوی 7ی ئەم مانگە تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ناكات، جگە لە جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران.

پێشتر کاندیدکردنی هۆشیار زێباری بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق شەقامی عێراقی جوڵاند و ناڕەزاییان پیشاندا لە کاندیدکردنی بەهۆی ئەوەی پێشتر لە دۆسیەی گەندەڵی تێوەگلاوە.

هەر دوێنێ بەڵگەیەکی نووسراوی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغداد بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا ئاماژە بە بەهەدەردانی بڕی سێ ملیار و 771 ملیۆن دیناری عێراقی دەکات لەلایەن هۆشیار زێبارییەوە، لەگەڵ بوونی سکاڵا لەسەری تائێستا ئامادەی دادگا نەبووە.

لە نوسراوەکەدا کە واژووی دادوەری یەکەم زیا جەعفەری لەسەرە و ئاراستەی دادگای فیدراڵی کراوە هاتووە، دادگای تێهەڵچوونەوە بەتۆمەتی بەهەدەردانی سێ ملیار و 771 ملیۆن دینار وەک کرێی پاسەوان لە وەزارەتی دەرەوە، داوا لە هۆشیار زێباری دەکات ئامادەی دادگا بێت.

بەپێی ئەو بەڵگەیە ئەو بڕە پارەیە بەبێ ئەوەی لایەنی کارگێڕی ڕەزامەند بووبن لەسەر خەرجکردنی، لەلایەن ناوبراوەوە خەرجکراوە.

بابەتی پێشتر

ڕەیانی تەمەن 5 ساڵان چۆن دەرهێندرایەوە؟

بابەتی دواتر

ئەردۆغان و هاوسەرەکەی تووشی کۆرۆنا بوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share