ڕۆژئاوای كوردستان و هەواڵگریی عێراق چۆن شوێنی قوڕەیشی-یان ئاشكراكرد؟

دەزگاكانی هەواڵگریی وڵاتانی خۆرئاوا دەڵێن، هێرشەكەی داعش بۆسەر گرتووخانەی غوێران و زانیارییەكانی هەواڵگریی عێراق و هەواڵگریی خۆرئاوا، شوێنی سەركردەكەی داعش-یان ئاشكراكردووە و پشتبەست بەوە ئۆپەراسیۆنی كوشتنی بەرپاكراوە.

تەنها ڕۆژێك دوای ئەوەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، هەواڵی كوژرانی ئەبو ئیبراهیم هاشمی ئەلقوڕەیشی سەركردەی داعشی ڕاگەیاند، زانیاریی لەبارەی ئەو لایەنانەی شوێنەكەیان ئاشكراكردووە بڵاوكرایەوە.

ئەمڕۆ هەینی بەرپرسانی هەواڵگریی خۆرئاوا بە ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”یان وتووە، هێرشەكەی داعش بۆسەر گرتووخانەی غوێران لە حەسەكە ڕۆڵی هەبووە لە ئاشكراكردنی شوێنی ناوبراودا.

ڕایانگەیاندووە، لە ماوەی 26 مانگی سەركردایەتیكردنی داعشدا، قوڕەیشی هیچ لێدوان و ڤیدیۆیەكی بڵاونەكردووەتەوە و هیچ پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نەكردووە، بۆیە شوێنەكەی بە نهێنی مابووەوە.

ئەو بەرپرسانەی هەواڵگریی خۆرئاوا وتوویانە، قوڕەیشی بە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی هێرشەكەی داعش بۆسەر گرتووخانەی غوێران لە حەسەكەی كردووە و ئەوەش ڕۆڵی هەبووە لە ئاشكراكردنی شوێنی ناوبراودا.

بەپێی سەرچاوەكە، دەزگای هەواڵگریی عێراق، هەواڵدەری لە گرتووخانەكانی سوریا هەیە كە داعشەكانیان تیادا زیندانیكراون، لەو ڕێگەیەوە زانیاریی بەدەستخستووە لەبارەی شوێنی سەركردەكەی داعش و هاتوچۆكردنی لە پارێزگای ئیدلب، دواتر هەواڵگریی عێراق ئەو زانیارییانەی داوە بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.

زانیارییەكانی ڕۆژنامەكە لەكاتێكدان، ئەمڕۆ هەینی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، باسی لەوە كرد كە وڵاتەكەی لە كوژرانی قوڕەیشیدا بە كۆكردنەوەی زانیاریی بەشداریكردووە.

سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تویتەر پەیامێكی لەبارەی كوژرانی سەركردەكەی داعش بڵاوكردەوە و وتی، “كوژرانی سەركردەكەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، درێژكراوەی ئەو هەوڵە مەزنانەی هێزە ئەمنییەكانی عێراقە بە هەموو جۆرەكانیانەوە لە كوشتنی دەیان سەركردە و چەكداری تیرۆریست لە ئۆپەراسیۆنە جۆرییەكانی ناوخۆی عێراقدا و دەستگیركردنی سەدانیان، هەروەها كۆكردنەوە و شیكردنەوەی زانیارییەكان كە دواجار بوونەهۆی گورزوەشاندن لە مۆڵگەی سەری ڕێكخراوە گەنیوەكە”.

پێشتریش لیوا یەحیا ڕەسول وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاندبوو، “ئۆپەراسیۆنی كوژرانی سەركردەكەی داعش دوای ئەوە جێبەجێكرا كە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق زانیاریی وردی دابوو بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەوەش گەیاندنی بە شوێنەكەی و سەرئەنجام كوژرا”.

بابەتی پێشتر

وەرگرتنی پارەی پشکنینی کۆرۆنا لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل گۆڕانکاریی بەسەرداهات

بابەتی دواتر

هەولێر.. دایک و باوکێک بە گومانی کوشتنی منداڵە پێنج ساڵانەکەیان دەستگیرکران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share