کاتێک بەلای کێڵگەیەکی نەوت یان گازدا تێدەپەڕین، تێبینی بۆرییەک دەکەین کە ئاگری لێوە بەرزدەبێتەوە، ئەگەرچی ناشزانین هۆکاری بەرزبوونەوەی ئەم گازە چییە، بەڵام دەبێت لە خۆمان بپرسین کاریگەرییەکانی چین.
ئەگەرچی دەتوانرێت گازەکە کۆبکرێتەوە و بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵام تێچووەکەی لە هی گازەکە زیاترە، لەبەرئەوە بەریدەدەنەوە و ڕێگەی پێدەدەن لە ئاسماندا گڕبگرێت.
گەنەر شادەر، کە نووسەری ڕاپۆرتەکەیە، وتوویەتی، “سووتاندنی ئەو گازانە لە ئاسماندا، بەهەدەردانی سامانی سروشتییە، ژینگە پیسدەکات و بە کەمیش لێی دەڕوانرێت”.
ڕاپۆرتەکە ئەوەی خستووەتەڕوو کە تەنها لە ساڵی 2008 و لە یەک چینی نەوتی لە تەکساس، بە بەهای 750 ملیۆن دۆلار گاز بەهەدەردراوە.
لەلایەکی دیکەوە، گەنەر شادەر ئاماژەی بەوە کردووە کە دەردان و سووتاندنی ئەم گازە لە هەوادا، پشکی هەبووە لە دەردانی گازی دوانۆکسیدی کاربۆنی دەستکرد بە ڕێژەی لە سەدا 1.
نووسەرەکە سەرنجی بۆ توێژینەوەیەکیان ڕاکێشاوە کە لەسەر دوو ناوچەی تەکساس ئەنجامیانداوە، بۆیان دەرکەوتووە کە سووتاندنی ئەم گازە بەشداربووە لە دروستکردنی ترشەباران و ئۆزۆن و دروستکردنی تەم، کە زیان بە لووت و چاو و قوڕگ و سییەکان دەگەیەنێت.