گروپێك، كە خۆیان ناوناوە “ئەحرار سنجار”، بەرپرسیارێتیی مووشەكبارانكردنی سەربازگەكەی توركیا لە زێلكان دەگرنە ئەستۆ، دەڵێن، ماوەیەكی زۆرە چاوەرێی كاردانەوەی حكومەتی عێراقن لەبارەی بەئامانجگرتنی شەنگال.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە مووشەك هێرشكرایە سەر سەربازگەكەی توركیا لە ناحیەی زێلكانی سەر بە قەزای شێخانی موسڵ.
میدیا عێراقییەكان ڕاگەیەندراوی گروپێكیان بڵاوكردووەتەوە، كە خۆی ناوناوە “ئەحرار سنجار”، بەرپرسیارێتیی هێرشەكەی گرتووەتە ئەستۆ و دەڵێت، بە 18 مووشەك هێرشیانكردووەتە سەر بنكە سەربازییەكە.
گروپەكە ڕەخنەی ئەوەی لە حكومەتی عێراق گرتووە، كە ماوەیەكی زۆرە چاوەڕێی كاردانەوە و وەڵامن بەرامبەر بە بۆردومانەكانی توركیا بۆسەر شەنگال، بەڵام هیچیان نەكردووە.
ناوی گروپەكە یەكەمجارە ببیسترێت و پێشتر هیچ ڕاگەیەندراوێكیان نەبووە، دیارنییە سەر بە چ لایەنێكیشن، بەڵام بەناوەكەیاندا بێت، عەرەبن، بەو پێیەی لەبری وشەی شەنگال، سنجاریان بەكارهێناوە.
لەگەڵ ئەوەی بە فەرمی باسی ژمارەی كوژران و بریندار لە هێرشەكەدا نەكراوە، بەڵام هەندێك لە میدیا عێراقییەكان باس لە زانیاریی بوونی سێ كوژراو و ژمارەیەك برینداری سەربازانی توركیا دەكەن لە سەربازگەكە.