قوباد تاڵەبانی لە بەغدادە و سبەینێ بافڵ جەلال تاڵەبانی دەگات

قوباد تاڵەبانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی بە یاوەریی شاندێك گەیشتە بەغداد، بڕیارە سبەینێش بافڵ جەلال تاڵەبانی بگاتە شارەكە و هەوڵەكانیان بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ تاكە كاندیدی یەكێتی چڕبكەنەوە.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال بە یاوەریی شاندێك گەیشتە بەغداد.

بژار دەباغ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە بەغدادەوە ڕایگەیاند، بڕیارە سبەینێش بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بگاتە بەغداد و كۆبوونەوە، دیدار و هەوڵەكانیان بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار چڕبكەنەوە.

ئەوەی تائێستا ڕوونە دوو كاندید بەشێوەی سەرەكیی ململانێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەكەن بۆ چوار ساڵی داهاتوو، لەگەڵ ژمارەیەك كاندیدی دیكە.

هەردوو كاندید بەرهەم ئەحمەد ساڵح كاندیدی فەرمیی یەكێتی و هۆشیار زێباری كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانن.

پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا وتی، “جیاوازییەكی زۆر لەنێوان كاندیدەكە هەیە، بەوپێیەی بەرهەم ساڵح چوار ساڵی ڕابردوو ئەزموونی سەرۆك كۆماریی هەیە و بەپێی هەڵسەنگاندنی شەقامی عێراق و سیاسییەكان ئەزموونێكی تاڕادەیەكی باش و هاوسەنگی هەبووە”.

ئەوەشی وت، “لە بەرامبەردا هۆشیار زێباری ئەزموونێكی خراپی هەیە، لە ماوەی نزیك لە هەشت ساڵدا كە وەزیری دەرەوە و چەند ساڵێكیش وەزیری دارایی عێراق بووە، دواتر متمانەی لێسەندراوەتەوە بەهۆی گەندەڵی و كۆمەڵێك بابەتی دیكە، كاندیدكردنەكەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نیگەرانی و خۆپیشاندانی لێكەوتووەتەوە، جگە لە بڵاوكردنەوەی پۆستەر و وێنە بۆ ڕەتكردنەوەی لە بەغداد و شارەكانی دیكەی عێراق”.

بژار دەباغ ئەوەشی ڕوونكردەوە، سبەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ شاندێكی یەكێتی بۆ گەڕێكی دیكەی دیدار و كۆبوونەوە دەگاتە بەغداد و تا هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستە لە بەغداد دەمێنێتەوە.

دووپاتیشیكردەوە، خۆی وەكو یەكەم كەسی یەكێتی چاودێریی وردی دۆخەكە دەكات و سەرجەم ئەو دانیشتن و كۆبوونەوە و ئەجێندا سیاسییانەی لە هەگبەی یەكێتی-دا هەن ڕاستەوخۆ خۆی سەرپەرشتییان دەكات و لە كۆبوونەوە و دانوستانەكاندا ئامادەیی دەبێت.

سەبارەت بەو هاوكێشە نوێیانەش كە لەنێوان هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان و بەشێك لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاودەكرێنەوە بەوەی گوایە ڕێككەوتن كرابێت تا یەكێتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێنێتەوە، پەیامنێرمان لە بەغدادەوە وتی، “تا ئەم ساتە و بەپێی زانیارییە دروست و ئەو سەرچاوە باوەڕپێكراوانەی دەستمكەوتوون یەكێتی بەهیچ جۆرێك سازش لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ناكات و تاكە كاندیدیشی بەرهەم ساڵح-ە و بە هەموو هێزێكیشییەوە كاردەكات وەكو ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و وەكو ئیسحقاقی كورد بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە و لەناو یەكێتیش بۆ بەرهەم ساڵح وەكو تاكە كاندید كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەرۆك كۆمار بووە”.

ئەوەی ڕوونە یەكێتی لە بەغداد دەجەنگێت بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار وەك بەركەوتەیەكی كورد و لەناو كوردیش بۆ یەكێتی و لەناو یەكێتیش بۆ بەرهەم ساڵح، پەیامنێرمان وای وت.

ئەوەشی دووپاتكردەوە، سبەینێ یەكێتی لە بەغداد پێدەنێتە قۆناغێكی نوێوە بە هاتنی كەسی یەكەمی حزبەكەی و هاوشانی قوباد تاڵەبانی هەنگاوەكانی بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن یەكێتییەوە چڕتر دەبنەوە.

بابەتی پێشتر

هەفتەی داهاتوو تیمی هاوبەشی هەردوو چاودێریی دارایی هەرێم و بەغداد دەست بە كاركردن دەكەنەوە

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ فەرەنسییەكان: لە دەرەوەی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد ‏یەکڕیزی لەباربرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share