نەتەوە یەکگرتووەکان: 2.8 ملیۆن ئاوارەی سوریا لەدۆخێکی مەترسیداردان

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ، بارانبارین و بەفر لە ‏سوریا کاریگەریی ترسناکی کردووەتە سەر ژیانی 250 هەزار ئاوارە کە لەناو کامپەکاندا ‏دەژین، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە خێمەکانیان بەهۆی بەفر و شەپۆلی سەرماوە ‏داڕووخاوە.‏

مارک کاتس جێگری هەماهەنگیکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە ‏سوریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئۆنلایندا ڕایگەیاند، “ئەو ناوچانە بەڕاستی ‏کارەساتبارن”. ‏

کاتس وتی، باکووری ڕۆژئاوای سوریا، (زیاتر ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كە توركیا ‏داگیریكردوون و لەژێر دەستی هێزە چەكدارەكانی سەر بە توركیان)، بەسەختی ‏ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە، بەوپێیەی بە یەکێک لەو شوێنانە دادەنرێت کە ‏دانیشتووانەکەی ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە لەجیهاندا، ئەو 2.8 ملیۆن کەسەی لەو ‏کامپانەی ناوچەكەدا دەژین “لە باشترین حاڵەتەکاندا لە خراپترین ئاستی ژیاندان، ‏لەبەرئەوەی ناوچەی جەنگە”.‏

بەرپرسەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەم کەشە ساردەدا، ڕۆژانە ‏شایەتی بینینی ڕووداوی ترسناکین، زیاتر لە هەزار خێمەی ئاوارەکان بەتەواوی ‏ڕووخاون بەهۆی سەرما و بەفربارینی زۆرەوە، کە پلەی گەرمی گەیشتووەتە حەوت پلە ‏ژێر سفر”.‏

نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوەدەکات، “زیاتر لە 100 هەزار ئاوارە ڕووبەڕووی دۆخی ‏سەخت بوونەتەوە بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە، 150 هەزاریش لەگەڵ ئەوەی لەخێمەدان، ‏پلەکانی گەرما لەو شوێنەی تێیدا دەژین لەئاستی پلەی بەستندایە، واتە لەکۆی ئەو 2.8 ‏ئاوارەیەی ناوچەكە، 250 هەزاریان لەدۆخی زۆر سەختی ژیاندان بەهۆی سەرماوە”. ‏

بۆیە بەرپرسەكەی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەكگرتووەكان بەپێویستی دەزانێت، هاوکارییە ‏داراییەکان بۆ وەرزی زستان لەوناوچانەدا زیاتربکرێن، “چونکە ماوەی 11 ساڵە ئەو ‏کێشانە بەردەوامن”.‏

داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد، هاوکاریانبن بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانە لەو ‏دۆخە سەختە و بردنیان بۆ پەناگەیەکی باشتر بەشێوەیەکی کاتی، “چونکە ئەوەی مامەڵەی ‏لەگەڵدەکەین دۆخێکی کارەساتبارە”.‏

بابەتی پێشتر

ڕۆناڵدۆی دیاردە کروزێرۆی لە قەرز ڕزگارکرد

بابەتی دواتر

لە جیهاندا هەوڵەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پاشەكشەیان كردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share