مافی مرۆڤی عێراق لەبارەی ڕێگریكردن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان ڕەخنە لە هەرێم ‏دەگرێت

كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق، هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات بە ڕێگریكردن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان و داخستنی كامپەكان، دەڵێت، هەرێم بە جیا لە بەغداد لەوبارەیەوە كاردەكات، پێشی وانییە بەغداد توانیبێتی بەتەواوەتی دۆسیەكەی دابخات.

ساڵی ڕابردوو حكومەتی فیدراڵی كاریكرد بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی ناوخۆی عێراق و سەرجەمیانی گەڕاندەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان و كامپەكانی لە سەرجەم پارێزگا فیدراڵییەكان داخست، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەو كارە نەكرا.

عەلی بەیاتی، وتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق، لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح-ی نیمچەفەرمی، ڕەخنەی لە هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ گرتووە لە مامەڵەیان بەرامبەر بە دۆسیەی ئاوارەكان.

بەیاتی پێی وایە، بەردەوام بڕیارەكان لە هەرێمی كوردستان بەدوور لە حكومەتی فیدراڵی دەدرێن، بۆیە پێی نامۆ نییە لە پرسی ئاوارەكانیشدا هەرێم دوور لە بەغداد بڕیار بدات و وەڵامدانەوەی بۆ داواكارییەكانی گەڕانەوەی ئاوارەكان و داخستنی كامپەكان نەبێت.

وتەبێژەكەی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ ئامارە نێودەوڵەتییەكانی بە نمونە هێنایەوە، كە باس لە بوونی نزیكەی یەك ملیۆن و 200 هەزار ئاوارە دەكەن لە ناوخۆی عێراق، ڕایگەیاند، “لەو ژمارەیە نزیكەی 650 هەزار ئاوارەیان لە هەرێمی كوردستانن”، بۆیە پرسیاری ئەوەیكرد، “ئەو ئاوارانەی دیكەی دەرەوەی هەرێم لەكوێن؟، بۆچی حكومەتی فیدراڵی بە ئاوارە هەژماریان ناكات؟”.

بۆیە بەیاتی پێی وایە، دۆسیەی داخستنی كامپەكان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان لای حكومەتی فیدراڵ و لایەنە عێراقییەكان ڕەهەندێكی سیاسیی هەبووە، ئەگەر نا دۆسیەكە بەتەواوەتی چارەسەر نەكراوە، ئەوە جگە لەوەی پێویستبوو بەغداد دوای دابینكردنی سەرجەم پێداویستییەكان بۆ ئاوارە گەڕاوەكان، دۆسیەكەی داخستایە.

وتەبێژەكەی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ پێشیوایە عێراق پێچەوانەی لایەنە نێودەوڵەتییەكان لەبارەی ئاوارەكانەوە لێدوان دەدات و ژمارە بڵاودەكاتەوە و پەلەی كردووە لە داخستنی دۆسیەی ئاوارەكان، لەكاتێكدا پرسەكە چارەسەرنەكراوە، بۆیە بەیاتی داوای چارەسەری بنەڕەتیی دۆسیەی ئاوارەكان دەكات بەشێوەیەكی دروست و دوور لە فشارە سیاسییەكان.

بابەتی پێشتر

گواردیۆلا خیانەت لە مانچستەر سیتی ناكات

بابەتی دواتر

لە مانگێكدا 75 پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان تۆماركراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share