دادگای فیدراڵیی عێراق، دانیشتنی تایبەت بە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی دواخست كە بڕیاربوو تیایدا بڕیار لەبارەی شەرعیبوون یاخود ناشەرعیبوونی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە دادگای فیدراڵیی عێراق كۆبووەوە بۆ بڕیاردان لەبارەی شەرعیبوون یاخود ناشەرعیبوونی یەكەم كۆبوونەوەی خوولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران كە ڕۆژی 9ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا دادگای فیدراڵی وتەی ئەو دوو پەرلەمانتارەی وەرگرت كە تانەیان لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی نوێنەران دابوو و سكاڵایان تۆماركردبوو. دواتر دادگاكە بڕیاردانی لەبارەی دۆسیەكە و یەكلاییكردنەوەی دواخست بۆ ڕۆژی 25ی ئەم مانگە.
لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنەكە هەڵبژێردرا كە پێكهاتووە لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و حاكم زاملی و شاخەوان عەبدوڵڵا جێگرانی سەرۆك، دواتر دوو پەرلەمانتار كە باسم خەشان و مەحمود داود مەشهەدانی-ن، سكاڵایان تۆماركرد و ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی نوێنەران “پێشێلكاریی یاسایی و دەستووری” بەخۆیەوە بینیوە.
لە ئەنجامی ئەو دوو سكاڵایەدا، دادگای فیدراڵی بە نووسراوێك بڕیاریدا كاری دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بە شێوەیەكی كاتی ڕابگیرێت تا ئەو كاتەی دۆسیەكە یەكلاییدەكرێتەوە.