پەرلەمانی ئیندۆنیسیا ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەیاسایەك نیشاندا بۆ گواستنەوەی پایتەختی وڵاتەكە لە جاكارتاوە بۆ دوورگەی بۆرنیۆ.
پڕۆژەیاساكە، كە چێوەی كاری پڕۆژە گەورەكەی جۆكۆ ویدۆدۆ-ی سەرۆكی وڵاتەكە دەستەبەردەكات و تێچووەكەی 32 ملیار دۆلارە، چۆنیەتی پارەداركردن و پەرەپێدانی پایتەختە نوێكە و بەڕێوەبردنی تێدا جێكراوەتەوە.
سۆهارسۆ مۆنوارفا، وەزیری پلاندانانی ئیندۆنیسیا ڕایگەیاند، پەرلەمانی وڵاتەكەی ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەیاساكە دەربڕیوە بۆ گواستنەوەی پایتەخت بۆ “ناوچەی دارستانەكان لە كالیمانتان لە دوورگەی بۆرنیۆ”.
مۆنوارفا، لە وتەیەكدا لەبەردەم پەرلەمان پاش پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە وتی، “پایتەختی نوێ ئەركی ناوەندیی دەبێت، دەبێتە سیمبولی ناسنامەی نەتەوەیی، سەرەڕای بوونی وەك ناوەندێكی نوێی قورسایی ئابوری”.
وەزیری پلاندانانی وڵاتەكە ناوی پایتەختە نوێكەشی خستەڕوو، ناودەنرێت (نوسانتارا)، ئەوەش ناوی ئەرخەبیلێكی ئیندۆنیسییە (ژمارەیەك دوورگەی نزیك لە یەك) كە لەلایەن سەرۆكەوە هەڵبژێردراوە.
پێشتر ژمارەیەك لە سەرۆكەكانی پێشوو هەوڵی گواستنەوەی بارەگا حكومییەكانیان لە جاكارتا داوە، كە شارێكی گەورە و چڕە و ژمارەی دانیشتووانەكەی دەگاتە نزیكەی 10 ملیۆن كەس و بە دەست قەرەباڵغی و لافاو و پیسبوونی ژینگەوە دەناڵێنن، بەڵام هیچكامیان نەیانتوانیوە ئەو ئامانجە بەدیبهێنن، وەك ئەوەی ڕۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە.
جۆكۆ ویدۆدۆ-ی سەرۆكی ئێستا بۆ یەكەمجار پلانەكەی لە ساڵی 2019دا ڕاگەیاند، بەڵام جێبەجێكردنی بەهۆی پەتای كۆرۆناوە دواخرا.