ئامارەكانی میترۆ لەبارەی پێشێلكارییەكان زۆر لە ئامارەكانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان ‏زیاترن

سەنتەری میترۆ ئاماری پێشێلکارییەکانی ساڵی 2021ی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ‏بڵاوکردەوە، 353 پێشێلکاری بەرامبەر 260 ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراون، ئامارەكە زۆر ‏جیاوازە لەو ئامارەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان پێشتر ڕایگەیاندبوو.‏

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند، لەو پێشێلکارییانەی ‏تۆمارکراون 189 ڕێگری و جیاکاری، 81 هێرش و لێدان و سووکایەتیکردن، 25 ‏دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا تۆمارکراون. ‏

هەروەها 25 دۆسیەی زەوتکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراون، 13 ‏هەڕەشەکردن، حەوت شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و یەک حاڵەتی تەقەکردن هەبوون. ‏

هەر بەپێی ئامارەكانی میترۆ، ساڵی رابردوو چوار حاڵەتی ڕۆژنامەنووسی حوکمدراو ‏بەدەر لەیاسای ڕۆژنامەنووسی هەبوون، دوو هەڵکوتانەسەر و داخستنی بارەگای کەناڵیش ‏تۆمارکراون، شەش حاڵەتی پڕکردنەوەی بەڵێننامە بە ڕۆژنامەنووسانیش بوونیان هەبووە. ‏

میترۆ جگە لە ئامارەكانی ساڵی ڕابردوو، ئاماری ساڵانی 2010 بۆ 2020یشی ‏بڵاوكردەوە، لەو ماوەیەكدا دوو هەزار و 632 حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر دوو هەزار و ‏‏165 ڕۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی تۆمارکراون.‏

پێشتر سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئامای پێشێلکارییەکان ی ساڵی ڕابردووی ‏بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە، لە ساڵی 2021دا 79 حاڵەتی ‏پێشێلکاری ئەنجامدراون، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووس و دەزگا ڕۆژنامەنووسییانەی ‏پیشێلکارییان بەرامبەر کراوە 187 ڕۆژنامەنووس و دەزگا بوون.‏

حاڵەتەکان بەمشێوەیە بوون، دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان 17 حاڵەت، ڕێگەنەدان و ‏جیاکاری 31 حاڵەت، هێرش و سووکایەتی 22 حاڵەت، لێدان چوار حاڵەت، هەڕەشە دوو ‏حاڵەت و داخستنی کەناڵ سێ حاڵەت تۆمارکراون.‏

بەراورد بە ئامارەكانی میترۆ، ئەو ئامارانەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاندبوون ‏لەبارەی پێشێلكارییەكانەوە، زۆر كەمترن.‏

بابەتی پێشتر

وەزیرێكی پێشوو پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی نوێ لە عێراق ڕادەگەیەنێت

بابەتی دواتر

یەکێک لە مەترسیدارترین ماسییەکانی جیهان لە سێڵفیی کچێکدا پێدەکەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share