سیناتۆرێکی کۆمارییەکانی ئەمریکا ڕەخنەی کۆکردنەوەی سامان لە ئەنتۆنی فاوچی سەرۆکی پەیمانگای نیشتمانیی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە کوشندەکان و گەورە ڕاوێژکاری پزیشکیی کۆشکی سپی دەگرێت، بەوەی لەکاتێکدا جیهان لە مەترسیی کۆرۆنادا بووە، فاوچی بەبڕی زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی پزیشکیی کۆکردووەتەوە.
گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئاشکراکردنی زانیاریی لەبارەی سامانەکەی فاوچی دوای مشتومڕێکی توندی نێوان ڕۆجەر مارشاڵ-ی سیناتۆر و ئەنتۆنی فاوچی هات کە سەبارەت بە بەکارهێنانی پەتای COVID-19 فاوچی-ی بە بەکارهێنانی پەتاکە بۆ کۆکردنەوەی سامان تۆمەتبارکرد، لەو مشتومڕەدا فاوچی بە مارشاڵی وت، “گەمژە”.
بەپێی ئەو زانیارییانەی فۆربس بڵاویکردوونەتەوە، لەساڵی 2020دا داهات و ئیمتیازاتەکانی دکتۆر فاوچی و خێزانەکەی گەیشتووەتە ملیۆنێک و 782 هەزار دۆلار.
هەروەها داهات و تێچووی گەشتەکانی فاوچی لەماوەی ئەو ساڵەدا کە کۆرۆنا جیهانی سەرقاڵ کردبوو 119 هەزار دۆلار بووە.
ئەو سیناتۆرە دەڵێت، لەساڵی 2020دا مووچەی ئەنتۆنی فاوچی 434 هەزار دۆلار بووە، هەروەها هاوسەرەکەی فاوچی مووچەکەی 234 هەزار دۆلار بووە، بۆیە مارشاڵ، فاوچی تۆمەتبار دەکات بەوەی لەناو سەرجەم فەرمانبەرانی ئەمریکا، کە 4.3 ملیۆن فەرمانبەرن بە خودی سەرۆکی ئەمریکاشەوە، بەرزترین مووچەی هەبووە.
سیناتۆرە كۆمارییەكە ئەوەشی ئاشکراکردووە، فاوچی بەدەر لە مووچە و وەبەرهێنانەکانی لەماوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا، خاوەنی پشکێکە لە چێشتخانەی سان فرانسیسکۆ، لەکاتێکدا لەساڵی 2020 هیچ داهاتێکی لەو چێشتخانەیەدا نەبووە، “بۆیە گومان دەکەم داهاتەکانی لەوبارەیەوە شاردبێتەوە و ئاشکراینەکردبێت”.