ماوەی بەیانی زۆر گرنگە، گرتنەبەری چەند ڕۆتینێكی تەندروست دەبێتە هۆی باش گوزەرانی ئەودوای كاتەكانی ڕۆژەكەت، پێنج هەنگاو دەشێت ئەو ئامانجەت بۆ بهێنێتەدی.
زۆرێك دوودڵن لە ئەنجامدانی هەڵسوكەوتە تەندروستەكان، كە وادەكات ژیانیان باشتر بێت، بڕیاردان بۆ ئەنجامدانیان دەبێتە قوربانیی كات و دۆخ، كەواتە چی بكرێت بۆ ئەوەی خۆت دەربازبكەیت؟
شارەزایانی خۆراك و شێوازی ژیان ئاماژە بۆ پێنج ڕێگای سەرەكی دەكەن بۆ هێنانەدی بەیانییەكی باش و گرنگ بۆ هەر كەسێك، وەك ئەوەی ماڵپەڕی (styleblueprint) بڵاویكردووەتەوە.
خەوتنی زیاتر: خەوتن سوودی زۆری هەیە، وەك بەهێزكردنی یادگە و كەمكردنەوەی دوودڵی، سوودەكەی بۆ كاتی بەیانیش درێژدەبێتەوە، كەمخەوی كاریگەریی نەرێتی لەسەر ڕۆتینەكانی بەیانیان دەبێت، بۆیە پێویستە ماوەی پێویست بخەویت.
بەپێی شارەزایان، خەوتن لە دیارترین كاروبارەكانە كە وادەكات ڕۆتینی بەیانیانت كاریگەرتر بێت، ئەوەش لەڕێی خەوتن بۆ ماوەی 7 – 9 كاتژمێر، كە كاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر ئەركی بەرگریی لەش و ئاستی هۆڕمۆنەكان و یادگە و تەنانەت خواستی زۆر لەسەر نانخواردن.
ئاو خواردنەوە: خواردنەوەی پەرداخێك یان دوو پەرداخ ئاو لەماوەی 10 خولەكی سەرەتای لەخەوهەستاندا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ڕۆژەكەت بەڕێیەكی تەندروست دەستپێبكەیت، لە كاتژمێرەكانی خەوتندا جەستە پشوو وەردەگرێت و هێز و توانا وەردەگرێتەوە، هەروەك لە ماوەی چەند كاتژمێرەدا هیچ بڕە ئاوێك وەرناگرێت.
خواردنەوەی ئاو لە بەیانیاندا تەنها بۆ جەستە شێداركردنەوە و ڕزگاربوون لە ژەهرەكان نییە، بەڵكو قەرەبووی برسێتی دەكاتەوە و ئەو خواردنە كەمدەكاتەوە كە دواتر دەخورێت. هاوشانی ئاو، دەكرێت گیراوەی تەندروست بخورێتەوە، وەك گیراوەی لیمۆ.
خواردنی ڤیتامین و كانزا: لەناو جەستەی مرۆڤدا كارلێكی كیمیایی زۆر ڕوودەدات كە بە ملیارەها دەخەمڵێندرێت، بۆ ئەوەی ئەم كارلێكانە بە توانا و كاریگەربن، شارەزایان ڕێنوێنی خواردنی ڤیتامین و كانزاكان دەكەن، دەكرێت لەڕێی شۆفان و كەرە و دانەوێڵە و ئەوانی دیكەوە بەدەستبهێنرێن.
ساتەكانی بیركردنەوە و بێدەنگی: ڕاستە مرۆڤ بەسەر كۆمەڵێك كاروباری زۆردا هەڵدەستێت كە پێویستە لە ڕۆژەكەدا ئەنجامیان بدات، بەڵام دەكرێت چەند ساتێك بۆ بیركردنەوە و بێدەنگی تەرخان بكرێت، كە وادەكات مرۆڤ بەرەو داهێنان بڕوات لەبری هەڵپە و هەڵچوون.
دەكرێت ئەوەش لەڕێی یۆگا، یان لەڕێی دانیشتن و بیركردنەوە لە سروشتەوە بێت، یان لەڕێی نووسینەوە، ئەمە وادەكات یادگەی مرۆڤ بە بەرزی بمێنێتەوە.
پێزانین: تەرخانكردنی چەند خولەكێك بۆ پێزانین، دەشێت ببێتە سەرەتایەكی ئەرێنی بۆ ڕۆژەكە، بۆ نمونە، بیر لە سێ شت بكەرەوە كە تۆ پێزانینت بۆی هەیە و بوونی بە گرنگ دەزانیت، وەك تەندروستیت و ئەندامانی خێزانەكەت و كاركەت، یان هەر شتێكی دیكە واتلێبكات پێبكەنیت، لەڕێی نووسینی بێت لەسەر دەفتەر، یان وتنەوەی بە دەنگی بەرز، هەردووكیان بە ئاستی پێویست كاریگەرن.