ئایا خۆشەویستی کاریگەریی لەسەر تەندروستیی دڵ هەیە؟

لە جیهاندا، سبەی 14/2، بە رۆژی خۆشەویستی ‘ڤالانتاین’ ناسێندراوە؛ پسپۆڕانی تەندروستیش دەڵێن، خۆشەویستی کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەندروستیی دڵ دروستدەکات.

دکتۆر جۆی گێلبمان، پزیشکی دڵ لە نەخۆشخانەی نیویۆرک-پرێسبیتێریان رایگەیاندووە، بەڵگە هەیە کە پەیوەندیی سۆزداری بۆ دڵی مرۆڤەکان باشە، چونکە بەپێی لێکۆڵینەوەیەک، خۆشەویستی دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئۆکسیتۆسین و دابەزینی ئاستی هۆرمۆنەکانی سترێس وەک کۆرتیزۆڵ، کە دەتوانێت پەستانی خوێن و تەندروستیی گشتیی دڵ و خوێنبەرەکان باشتر بکات.

ئۆکسیتۆسین کە بە “هۆرمۆنی خۆشەویستی” ناسراوە، لە ڕێگەی بەرکەوتنی جەستەیی لە مێشکدا دەردەدرێت؛ هۆرمۆنێکە کە هەستکردن بە متمانە زیاددەکات و فشاری دەروونی کەمدەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە، پزیشکان بە هۆکارێکی باشبوونی تەندروستیی دڵ دایبنێن.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2019، هۆرمۆنی ئۆکسیتۆسین دەتوانێت رێگری لە کۆبوونەوەی چەوری و کۆلیسترۆڵ لە خوێنبەرەکاندا بکات و تەنانەت باشتریشی بکات. لە هەمان کاتیشدا، هۆکارێکی سەرەکیی دووبارە دروستبوونەوەی خانەی ماسولکەکانی دڵە، ئەمەش وادەکات، پاش جەڵتەی دڵ، بتوانێت شانەکانی دڵ چاکبکاتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، پزیشکانی بواری تەندروستیی دڵ بۆ ئەو کەسانەی خۆشەویستیان نییە یاخود هاوسەرگیرییان نەکردووە، جەختدەکەنەوە، کە تەنیا خۆشەویستیی رەگەزی بەرامبەر تەندروستیی دڵ باشتر ناکات، بەڵکو هاوڕێیەتیی بەهێز، خۆشەویستیی خێزان و تەنانەت خاوەنداریەتیی ئاژەڵێکی ماڵیش، سوودی تەندروستیی باشیان دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share