دایكێكی ڕوسی پێنج منداڵەكەی لە مردن ڕزگاركرد.. دواتر كارەسات ڕویدا

كوڕە گەورەی توشی شۆك بووە

دایكێكی ڕوسی بەشێوەیەكی كارەساتبار گیانی لەدەستدا پاش ئەوەی توانی هەر پێنج منداڵەكەی لەو ڕوداوی ئاگركەوتنەوەی ناو ماڵەكەی ڕزگاربكات كە ئەگەری هەبوو تەواوی خێزانەكە لەناوببات.

بەپێی ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی گولنارا كۆتیلنیۆك (31 ساڵ) لە ڕوداوی ئاگركەوتنەوەكەدا كە چوارشەممەی پێشوو ڕویداوە گیانی لەدەستداوە دوای ئەوەی بەشێك لە سەقفی خانووەكە بەهۆی سوتانەكەوە بەر سەری كەوتووە.

بە چەند خولەكێك بەر لە كارەساتەكە، دایكە ڕوسییەكە توانیویەتی سەرجەم منداڵەكانی ڕزگاربكات كە تەمەنیان لەخوار 14 ساڵەوەیە.

ئاگرەكە لە كاتێكی درەنگی چوارشەممە لە شاری یاكۆستیك-ی ئەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی ڕوسیا بووە، كاتێك ئەندامانی خێزانەكە لەخەودا بوون.

بەپێی كارمەندانی ئاگركوژێنەوە ئاگرەكە بۆ یەكەمجار لە چێشتخانەكەوە سەریهەڵداوە، دواتریش بۆ تەواوی خانووە دارەكەیان گوازراوەتەوە.

بەهۆی ئەوەی منداڵەكان لە یەكێك لە ژوورەكاندا گیریان خواردووە دایكەكە بەرەو پەنجەرەكە ڕایكردووە و شوشەكەی شكاندووە، دوای ئەوەی هاوكاری كوڕە گەورەكەی كردووە بۆ خۆهەڵدان لە پەنجەرەكەوە، چوار براكەی دیكەی داوەتە دەست و بەمەش هەموویان ڕزگاریان بووە.

بەڵام دوای ڕزگاركردنی پێنجەم منداڵ، یەكێك لە ڕاگرەكانی سەقفی خانووەكە بەسەر سەریدا كەوتووە، لەكاتێكدا هەوڵیداوە خۆیشی لە خانووەكە دەربچێت.

دواتر كارمەندانی ئاگركوژێنەوە تەرمی دایكەكەیان دۆزییەوە، پاش ئەوەی دراوسێكانیان پەیوەندییان پێوەكردبوون لەپێناو ڕزگاركردنی.

یەكێك لە منداڵەكان، كە تەمەنی 9 ساڵانە، خراوەتە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانە بەهۆی سوتان و هەڵمژینی كاربۆن، پزیشكان دەڵێن دۆخی جێگیرە.

منداڵەكانی دیكە لە دەموچاو و شوێنی دیكەی جەستەیان برینداربوون، بەڵام حاڵەتیان مایەی نیگەرانییان نییە.

هاوسەری ژنەكە، كە لە ساتی ڕوداوەكە لەماڵ نەبووە، سەرەڕای نیگەرانی دەربارەی مردنی هاوسەرەكەی دەڵێت، بەردەوام چاودێری منداڵەكانی دەكرد “نازانین بارودۆخمان چی لێبەسەردێت بەبێ ئەو”.

هاوكات ئەناستازیا، خوشكی قوربانییەكە دەڵێت، كوڕە گەورەی خوشكەكەی تائێستا لە شۆكدایە، بەهۆی ئەوەی مردنی دایكی بەچاوی خۆی بینیووە.

بابەتی پێشتر

حكومەتی بەریتانیا بەبێ بەرامبەر ڤیتامین دی بەسەر هاوڵاتییەكانیدا دابەش دەكات

بابەتی دواتر

بەڕێوبەری هاتوچۆی سلێمانی چی دەڵێت لەبارەی بایكۆتی دەوامەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share