كارەبا و غازی ماڵان بۆ كەمە؟
دانەغاز بەرهەمهێنانی غازی سروشتیی گەیاندووەتە ئاستێكی پێوانەیی

كۆمپانیای دانە غاز بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی غازی لە هەرێمی كوردستان بۆ ‏ئاستێكی پێوانەیی ڕاگەیاند، گەیشتووەتە زیاتر لە 450 ملیۆن پێ چوارگۆشەی ڕۆژانە.‏

لە ڕاگەیەندراوێكدا كۆمپانیاكە، كە لە هەرێمی كوردستان كاری بەرهەمهێنانی غازی ‏سروشتی دەكات، ڕایگەیاندووە، لە كێڵگەی كۆرمۆری چەمچەماڵ ئاستی بەرهەمهێنانی ‏غازیان بەرزكردووەتەوە و گەیشتووەتە 452 ملیۆن پێ چوارگۆشەی ڕۆژانە.‏

بەراورد بە ساڵی 2018، ئاستی بەرهەمهێنانەكە 50% زیادیكردووە، وەك ئەوەی دانە ‏غاز دەیڵێت، پلانیشیان هەیە تا مانگی نیسانی 2023، ئاستەكە بگەیەننە 700 ملیۆن پێ ‏چوارگۆشەی ڕۆژانە.‏

دانە غاز دەڵێت، غازی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان ‏بەرهەمدەهێنن، جگە لە بەرهەمهێنانی غازی ماڵان و بەرهەمە چڕكراوەكان.‏

قسەكردن لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنانی غاز لەلایەن كۆمپانیاكەوە لەكاتێكدایە، ‏وەزارەتی كارەبای هەرێم ڕەخنەی ئەوەی هەیە غازی پێویستی بۆ دابینناكرێت بۆ ‏بەرهەمهێنانی كارەبا، بۆیە كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی كەمن.‏

هەروەها لە غازی ماڵانیشدا ماوەی چەند مانگێكە ناوبەناو گرفت دروستدەبێت و بڕی غاز ‏كەمدەبێتەوە و هاوڵاتییان بە ئاستەم دەستیاندەكەوێت.‏

 

بابەتی پێشتر

پردی شەیتان لە کوێیە؟ بۆچی ئەم ناوەی لێنراوە؟

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ چەند یارییەكی گرنگ بەڕێوەدەچن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share