کچانی ڕۆژهەڵات لە خەباتی پارێزگاریکردن لە شوناسی کوردبوون بەردەوامن

لەماوەی تەنها دوو هەفتەدا چوار کچی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ‏هەڵوێست و پارێزگاریکردن لە شوناسی کوردانەیان، گواستراونەتەوە بۆ زیندان، یاخود بە ‏بەڵگەنامەی کاتی ئازادکراون.‏

لەناو دۆسیەی موژگان کاوسی، کەژاڵ نەسری، شنە ئەحمەدی و زارا موحەمەدی-دا، ‏دۆسیەی زارا موحەمەدی زۆرترین کاردانەوەی لێکەوتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو کچە ‏چالاکە کوردە ماددەی ڕێگەپێدانی ئازادبوونی هەڵوەشێندرایەوە و داوایلێکرا خۆی ‏ڕادەستبكاتەوە بۆ بەسەربردنی سزاكەی، کە پێنج ساڵ زیندانییە.‏

لە دۆسیەی زارا نوێتر، ئازادبوونی کەژاڵ نەسری-یە، کە دوای مانگرتنی دوو ڕۆژەی ‏دایکی کەژاڵ لەبەردەم دەرگای ئیتلاعاتی سنە، ئەو چالاکە فەرهەنگییە بە بارمتە ‏ئازادکرا.‏

کەژاڵ نەسری چالاکی فەرهەنگی و مەدەنی خەڵکی گوندی تەنگیسەری، دوای یەک ‏مانگ دەستگیرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بەڵگەنامەی کاتی و بە دانانی ‏بارمتەی 100 میلیۆن تمەن، بەشێوەی کاتی ئازاد کرا، پێشتریش بەهەمان شێوە زارا ‏موحەمەدی ئازادکرابوو.‏

هەروەها موژگان کاوسی، چالاکی مەدەنی کورد لە ڕۆژهەڵات، دوای ئەوەی ساڵی 2019 ‏بەهۆی پشتگیریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات دەستگیرکرا، دوای چەند ‏ساڵێک مانەوەی لە زیندان، بە بەڵگەنامەی کاتی ئازادکرا.‏

موژگان کاوسی، یەکێکی دیکە بوو لە ژنە چالاکەکانی ڕۆژهەڵات و دوای ‏ڕووبەڕووکردنەوەی چەند تۆمەتێك لەلایەن دادگاکانی ئێرانەوە و بەسەربردنی ‏زیندانییەکەی، بە بەڵگەنامەی کاتی ئازادکرا.‏

شنە ئەحمەدی، کچێكی گەنجی چالاکی خەڵکی پاوەیە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و دوای ‏بانگکردنی بۆ دادگای ئەو شارە، پێیان ڕاگەیاندووە دەبێت سێ مانگ زیندانیکردن ‏بەسەربەرێت.‏

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی كچە چالاكوانە گەنجەكە، شنە ئەحمەدی دوای ‏دەستبەسەرکران بۆ ناوەندی چاکسازی و بارهێنانی کرماشان گوازراوەتەوە.‏

بابەتی پێشتر

بەتۆمەتی فێڵکردن لێکۆڵینەوە لە لیڤەرپوڵ دەکرێت

بابەتی دواتر

دوو گەنج دوای ئازادكردنیان لەلایەن توركیاوە ئاسایشی مێرگەسۆر دەستگیریكردن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share