پاش دوو ساڵ داخستن خوێندنگاكان لە ئۆگەندا سەرلەنوێ كرانەوە

خوێندنگایەك لە گوندێكی ئۆگەندا

نزیكەی 15 ملیۆن خوێندكار لە ئۆگەندا گەڕانەوە بۆ خوێندنگاكان لەگەڵ سەرلەنوێ كردنەوەیان، دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە نزیكەی دوو ساڵ داخران.

جۆن مۆینگۆ، وەزیری پەروەردەی ئۆگەندا ڕایگەیاند، سەرجەم خوێندكاران دەچنە قۆناغێكی بەرزتر لەوەی لە ئازاری 2020 لێی بوون و خوێندنیان ڕاگیرا، كاتێك ڤایرۆسەكە سەرجەم جیهانی گرتەوە.

وتیشی، ڕێوشوێنی زۆر توندیان لە سەرجەم خوێندنگاكانی وڵات گرتووەتەبەر بۆ زامنكردنی گەڕانەوەی سەلامەتانەی خوێندكاران.

پێشتر زۆرێك لە ڕێكخراوەكانی بەرگری لە مافەكانی منداڵان ئیدانەی داخستنەكەیان كرد كە زیاتر لە 83 هەفتەی خایاند، كە درێژترینە لە جیهاندا.

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵان (یونسێف) لە تویتەرەوە ڕایگەیاند، پێویستە هیچكات ئەوە دووبارە نەبێتەوە، پێویستە خوێندنگاكان بە كراوەیی بهێڵدرێنەوە لە بەردەم سەرجەم خوێندكاران لە سەرجەم ناوچەكانی جیهاندا.

لای خۆیەوە ڕێكخراوی سەیف زە چڵدرن (منداڵان بپارێزن)ی ناحكومی نیگەرانی لەبارەی ئەو دواكەوتنە لە پرۆگرامەكانی خوێندندا نیشاندا و هۆشداریدا لەوەی زۆرێك لە منداڵان ناگەڕێنەوە بۆ خوێندنگا بەبێ دەستوەردانی دەسەڵاتداران و پشتیوانیی مامۆستایان.

بەپێی ژمارە فەرمییەكان ئۆگەندا 153 هەزار و 762 تووشبوون و سێ هەزار و 339 حاڵەتی گیانلەدەستدانی بەهۆی كۆرۆناوە تا 7ی ئەم مانگە تۆماركردووە.

س: ئەسۆشیەتدپرێس + RT

بابەتی پێشتر

چارەنووسی وتووێژەكانی نێوان چێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر بەچی گەیشتووە؟

بابەتی دواتر

بومەلەرزەیەك سلێمانی و دەوروبەری هەژاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share